زانکۆی سلێمانی پابەندی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا نابێت
زانکۆی سلێمانی بڕیاریدا رۆژی 19ـی ئەیلوول پڕۆسەی خوێندنی ساڵی نوێ دەست پێ بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رۆژی 1ـی ئەیلوولی وەک یەکەم رۆژی خوێندن لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکان دیاری کردبوو.
سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی، لە راگەیەنراوێکدا مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیان ئاگادار دەکاتەوە کە رۆژی شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 دەبێت لە تەواوی کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆدا.
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا رۆژی 1ـی ئەیلوولی وەک یەکەم رۆژی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان دەستنیشان کردووە، بەڵام زانکۆی سلێمانی بڕیاریداوە خوێندن نزیکەی 20 رۆژ لەو وادەیە دوا بخات.
لە راگەیەنراوەکەی زانکۆدا هاتووە، گشت ئامادەکارییە ئیدارییەکان ئەنجام دراون و خزمەتگوزارییەکانی بەشە ناوخۆییەکانیش دابینکراون؛ زانکۆی سلێمانی داوا لە قوتابیان دەکات لە رۆژی 19ـی مانگدا بەپێی خشتەی وانەکانیان سەردانی کۆلێژەکانیان بکەنەوە.