هاکان فیدان: داڕشتنی پەیکەری بنەڕەتیی هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە دەستیپێکردووە
وەزیری دەرەوەی تورکیا، رێککەوتنی مەککەی وەک هەنگاوێکی مێژوویی وەسف کرد و رایگەیاند، وڵاتانی ناوچەکە پێویستیان بە جوڵەی پێکەوەیی هەیە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری.
دووشەممە 31ـی ئابی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد، رێککەوتنی مەککە گۆڕدراوە بۆ هاوپەیمانیی مەککە و جەختی لەوە کردەوە، ئەم هاوپەیمانییە لەسەر بنەمای بەرگری دامەزراوە و بە تەواکەری هاوپەیمانیی ناتۆ (NATO) دادەنرێت، ئاماژەی بەوەش کرد وڵاتانی ئەندام دەستیان کردووە بە داڕشتنی پەیکەری بنەڕەتیی ئەم هاوپەیمانییە بەرگرییە.
هاوکات هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد، هەر سێ وڵاتەکە هەنگاوی کردەییان ناوە بۆ دروستکردنی بنەمایەکی ئەمنیی تۆکمە بۆ ناوچەکە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا کار لەسەر نەخشەڕێگەیەک دەکرێت تاوەکو لە داهاتوودا وڵاتانی دیکەش بتوانن پەیوەندی بە هاوپەیمانیی مەککەوە بکەن.
رێککەوتننامەی مەککە، لەلایەن محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئیمزا کراوە، رێککەوتنەکە ناو نراوە "رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش".
ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە جەنگ لە نێوان ئێران لە لایەک، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە بەردەوامە و کاریگەریی قووڵی بەسەر هاوپەیمانییە ناوچەیییەکانەوە جێهێشتووە. هاوکاتە لەگەڵ نوێبوونەوەی گرژییەکان لە نێوان ریاز و حوسییەکانی یەمەن، دوای ئەوەی لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر باشووری شانشینی سعودیە، 11 کەس بریندار بوون.
شارەزایانی بوارەکانی بەرگری رایدەگەیەنن، بەهێزبوونی ئەم هاوپەیمانییە لە نێوان سعودیە (کە خاوەنی کێشێکی ئابووری و نەوتیی گەورەیە)، تورکیا (کە ئەندامێکی بەهێزی ناتۆیە) و پاکستان (کە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمییە)، ئاماژەیەکی روونە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەیییەکان لە سایەی تێکچوونی دۆخی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دەستەی هاوپەیمانیی سەرەکی (سعودیە، تورکیا، میسر و پاکستان) لەگەڵ قەتەر لە دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە لە 28ـی شوبات، رۆڵێکی بەرچاویان بینیوە لە نێوەندگیری و ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان واشنتن و تاران بە مەبەستی راگرتنی جەنگ و کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان.