هەولێر و مێرسیدس بێنز هاوبەشییەکی نوێی بازرگانی و وەبەرهێنان واژوو دەکەن
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و کۆمپانیای (برایت کاسڵ مۆتۆرز) بریکاری فەرمیی مێرسیدس بێنز لە عێراق، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان (MoU) واژوو کرد. جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیش ئاشکرای دەکات، رێککەوتنەکە لەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سوودی زۆری بۆ کۆمپانیا بچووکەکان دەبێت
ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بە ئامادەبوونی بێرنارد دۆلینك، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای برایت کاسڵ و نوێنەری رێپێدراوی مێرسیدس بێنز لە عێراق و بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی و کەسایەتییە بازرگانییەکان، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد.
دەربارەی گرنگیی ئەم یاداشتنامەیە، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەم یاداشتنامەیە لە ڕۆژی واژۆکردنییەوە کە ئەمڕۆیە، ئۆتۆماتیکی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. جگە لەوەی دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئەندامانی ژوور دەڕەخسێنێت، سوودی زۆریشی بۆ کۆمپانیا بچووکەکان دەبێت تاوەکو کاری هاوبەش ئەنجام بدەن، بەتایبەتی لە بواری دابینکردنی پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێلدا."
کامەران باجگر ئاماژەی بەوەش دا، بوونی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکییە تاوەکو کۆمپانیا بەناوبانگەکانی جیهان ڕوو لە هەولێر بوبکەن، گوتیشی "نزیکەی 20 ساڵە لقی کۆمپانیای مێرسیدس بێنز لە هەولێر هەیە، ئەم رێککەوتنەش سوودی زۆر بە بواری پیشەسازی دەکات، بەتایبەت بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەو بەشەدا، ئەمەش بارگرانی لەسەر حکوومەت کەمدەکاتەوە."
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ئاماژە بەوەی کرد، هاتنی ئەو کۆمپانیا گەورانە بەهۆی ئەو دەرفەتە باش و گونجاوەی رەخسێندراوە و هەبوونی ئاسایش و سەقامگیری.
ئەم یاداشتە ئامانجیەتی هاوکاریی دوولایەنە لەنێوان هەردوولا بەهێز بکات بە مەبەستی گەشەپێدانی بەرنامە و پرۆژە بازرگانییەکان، پێشکەشکردنی ئۆفەری تایبەت بۆ ئەندامانی ژوور، ڕێکخستنی سیمینار و وۆرکشۆپ، گۆڕینەوەی ئەزموون و زانیاری، هەروەها پشتیوانیکردن لە سەرخستنی ژینگەی بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا.