بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ: بەغدا پێکوتە و دەرمانی ڤێتێرنەری لە هەرێم بڕیوە
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، حکوومەتی عێراق بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات و هیچ بڕە دەرمان و پێکوتەیەکی تایبەت بە ئاژەڵان رەوانەی کوردستان ناکات، روونیشیکردەوە ئەم هەڵوێستەی بەغدا بارگرانییەکی دارایی زۆری بۆ ئاژەڵداران دروست کردووە و ناچاری کردوون بە تێچوویەکی بەرز لە بازاڕەکاندا دەرمان دابین بکەن.
دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، د. فیراس سدیق بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەر بەرنامەیەکی پاڵپشتیی تەندروستی لە عێراق هەبێت، دەبێت بە یەکسانی و دادپەروەرانە هەموو پارێزگاکان بگرێتەوە، بەڵام بەهۆی رەفتاری سیاسیی بەغداوە، ئێستا هیچ بڕە دەرمان و پێداویستییەکی پزیشکیی ئاژەڵ ناگاتە هەرێمی کوردستان.
جەختی لەوەش کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئەم گرفتە و پاراستنی سامانی ئاژەڵ، ئاسانکاریی تەواوی بۆ هاوردەکردنی دەرمانی کوالێتی بەرز و نرخی گونجاو لە دەرەوە کردووە، تاوەکو ئاژەڵداران بە کەمترین تێچوو دەستیان بە پێداویستییەکان بگات، هەروەها روونیکردەوە بۆ پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆیی، رێکارەکانی هاوردەکردنی ئاژەڵ لە دەرەوە توندکراونەتەوە تاوەکو ئاژەڵی ناوخۆ بە نرخێکی شایستە لە بازاڕدا مامەڵەی پێوە بکرێت.
سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە سێکتەرە هەرە ستراتیژییەکانی ئابووری و سەرچاوەیەکی سەرەکیی دابینکردنی ئاسایشی خۆراکە، بەگوێرەی ئامارەکان، ملیۆنان سەر مەڕ، بزن و مانگا لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمدا بەخێو دەکرێن، کە جگە لە دابینکردنی گۆشتی سوور و شیرەمەنی، سەرچاوەی بژێویی هەزاران خێزانی گوندنشینن.
هاوکات گرنگیی دابینکردنی پێکوتە و دەرمان تەنیا بۆ پاراستنی ئاژەڵەکان نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە تەندروستیی مرۆڤیشەوە هەیە لە رێگەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان وەک تای خوێنبەربوون و مالتا، بۆیە بڕینی ئەم پێداویستییانە لەلایەن بەغداوە، وەک فشارێکی ئابووری و تەندروستی دەبینرێت کە دەکرێت کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕدا هەبێت.