راوێژکاری ئەڵمانیا: کردەوەکانی ئیسرائیل لە غەزە بەرگری لەخۆکردن نییە
فرێدریش مێرتز رایگەیاند، ناکرێت هەموو کردارەکانی ئیسرائیل لە غەزە لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردن سەیر بکرێن، هاوکات سیاسەتی تەلئەڤیڤی بۆ نیشتەجێکردن لە قودسی رۆژهەڵات و دابڕینی لە کەرتی رۆژئاوا رەتیکردەوە.
دووشەممە 31ـی ئابی 2026، فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای پەخشی گشتی ئەڵمانیا "ئەی ئاڕ دی" تیشکی خستە سەر پاڵپشتییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل و پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
مێرتز ئاشکرایکرد، ئاشتەوایی نێوان ئەڵمانیا و ئیسرائیل یەکێکە لە گرنگترین ئەو دەستکەوتانەی ئەڵمانیا دوای جەنگی جیهانیی دووەم بەدەستیهێناوە، گوتیشی: "هەرگیز بە شتێکی ئاسایی دانەنراوە کە ئیسرائیل دەستی ئاشتەوایی بۆ ئەڵمانیا درێژ بکات دوای ئەو رووداوە ترسناکانەی روویاندا".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا کردارەکانی ئیسرائیل لە غەزە لە مانگ و ساڵانی رابردوودا دەچنە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردنەوە، مێرتز بە روونی گوتی: "نەخێر".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مێرتز روونیکردەوە ئەڵمانیا رەخنەی توندی لە پرۆژەی نیشتەجێکردنی ئیسرائیل ناسراو بە "ئەی 1" گرتووە، کە ئامانج لێی دابڕینی قودسی رۆژهەڵاتە لە کەرتی رۆژئاوا، هاوکات گوتی: "ئەوەی لەوێ روودەدات پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ئێمە بە راشکاوانە ئەم هەڵوێستە دەردەبڕین".
مێرتز جەختیکردەوە، پاڵپشتییەکانی ئەڵمانیا بۆ ئیسرائیل بێ مەرج نین، و رایگەیاند بەرلین لە ئەیلوولی ساڵی رابردوودا بڕیاری سەپاندنی سنووردارکردنی فرۆشتنی چەکی بە ئیسرائیل دەرکردووە.