پووتین: رووسیا دەیەوێت کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنێت
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەنگاو بەرەو کۆتاییهێنان بە ململانێکانی ئۆکرانیا دەنێت، هاوکات ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، گفتوگۆی تێروتەسەل و بنیاتنەرانەی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە.
دووشەممە 31ـی ئابی 2026، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەراوێزی لوتکەی رێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە بیشکەک، پایتەختی قرغیزستان لە دیدارێکدا لەگەڵ نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان گوتی: "رووسیا هەوڵ دەدات کۆتایی بە ململانێکانی ئۆکرانیا بهێنێت."
مودی لەو دیدارەدا تیشکی خستە سەر دۆخی ئۆکرانیا و جەختیکردەوە، پێویستە کێشەکان بە رێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن و داوای کرد هەنگاو بەرەو ئەو ئاراستەیە بنرێت، سەرۆکوەزیرانی هیندستان پێشنیازی کرد گفتوگۆ لەسەر سەرجەم پرسەکان بکرێت و هاوکات باسی لە چاوەڕوانییەکانی کرد بۆ سەردانی چاوەڕوانکراوی پووتین بۆ لوتکەی گرووپی بریکس لە نیودلهی لە مانگی ئەیلوولدا.
پووتین لە وەڵامی قسەکانی مودی رایگەیاند: "زۆر سوپاس، بەڕێز سەرۆکوەزیران، ئێمە لەو رێگەیەوە هەنگاو دەنێین."
لە بەرامبەردا، زێلێنسکی لە پەیامێکدا رایگەیاند، پێویستە گفتوگۆی نێوان تیمەکانی دانوستانکاری ئەمریکا و ئۆکرانیا بە شێوەیەکی رێکخراو بەردەوام بێت، روونیکردەوە، هەردوولا ئێستا سەرقاڵی دیاریکردنی کاتێک بۆ سەردانی ویتکۆف و کۆشنەر بۆ ئۆکرانیا دەبن، تاوەکو کار لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئاشتی بکەن.
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرایکرد، ویتکۆف و کۆشنەری لە دۆخی مەیدانی جەنگ ئاگادار کردووەتەوە، بەتایبەت لەو شوێنانەی رووسیا دەستکەوتی سنووردار لە بەرامبەر زیانی قورس بەدەست دەهێنێت، زێلێنسکی لەمبارەیەوە گوتی: "ستیڤ و جارید زۆرێک لە وردەکارییەکان دەزانن."
زێلێنسکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، نوێنەرانی سەرۆکی ئەمریکا خاوەنی توانا و هەوڵی پێویستن، گوتیشی: "مانگی ئەیلوول لەوانەیە گۆڕانکاری زۆری پێبێت، دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ پاراستنی خەڵک بە هاوکاریی هاوبەشەکانمان." زێلێنسکی جەختیکردەوە تیمەکانی دانوستانکار بۆ کارکردن لەسەر خشتەی کاری سەردانەکە بەردەوام دەبن لە پەیوەندی و سوپاسی ترەمپ و تیمەکەی کرد بۆ هەوڵەکانیان لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی.
سێشەممەی رابردوو دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ماڵپەڕی ئاکسیۆسیان راگەیاند، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) پێشنیازی کردووە لوتکەیەکی سێقۆڵی بە بەشداریی دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بکرێت، تاوەکو هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا خێراتر بکرێن.
سەرچاوەکان روونیانکردەوە، سەردانەکەی راتکلیف بۆ مۆسکۆ لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا، بەشێکی بۆ ئەوە بووە بزانرێت ئایا دەکرێت سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی رووسیا یارمەتیدەر بن لە قەناعەتپێهێنانی پووتین بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا بە نێوەندگیریی ئەمریکا.
راتکلیف سێشەممەی رابردوو سەردانێکی نهێنیی بۆ مۆسکۆ کرد و تێیدا لەگەڵ سێرگی ناریشکین، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی رووسیا (SVR) و ئەلێکساندەر بۆرتنیکۆڤ، بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا (FSB) کۆبووەوە.
ئاکسیۆس بڵاویکردەوە، ئەمە یەکەمجارە راتکلیف بە شێوەیەکی کەسی تێوەگلاوی هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەبێت. سەرۆکی ئەمریکا پێش چەند رۆژێک بە ئاکسیۆسی راگەیاندبوو، سەردانەکەی راتکلیف کارێکی رۆتینی بووە و ئامانج لێی هۆشداریدان نەبووە بە رووسیا لەبارەی هێرشکردنە سەر خاکی ناتۆ. ئیدارەی ترەمپ پێشتر پێشنیازی کردنی لوتکەیەکی لەم شێوەیەی کردبوو کە زێلێنسکی رازی بوو، بەڵام پووتین رەتیکردەوە.