سبەی مووچەی خانەنشینی کرێکاران  دابەش دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە هەولێر رایگەیاند، کرێکارانی خانەنشینکراو دەتوانن سبەی سێشەممە سەردانی بانکی فیدڕاڵ بکەن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان. 

دووشەممە 31ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە هەولێر، ئاگادارییەکی بۆ ئەو کرێکارە خانەنشینکراوانە بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی ناوخۆی هەرێم خانەنشین بوون، و رایگەیاند سبەی سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی خانەنشینانی کرێکار دەکرێت.

بەگوێرەی راگەیاندراوەکە، کرێکارانی خانەنشینکراو دەتوانن بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان، سەردانی "بانکی فیدراڵ / نووسینگەی دێدەوان" بکەن.