نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی رەشاد موفتی بەکوێ گەیشت؟
پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی رەشاد موفتی لە شاری هەولێر گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەکەش ئاشکرای دەکات، بە پاراستنی تەواوی سیما مێژوویی و سیما کلاسیکەکەی، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکەی بەردەوامە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، ئیحسان موفتی، کوڕی رەشاد موفتی و سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە 20ـی نیسانی 2026، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی رەشاد موفتی دەستیپێکردووە، سەرەتا لەسەر بانی مزگەوت دەستپێکرا، چونکە دلۆپ هەبوو، بۆیە کاری لە پێشینەمان چاککردنی سەربانەکە بوو و دوای 45 رۆژ تەواوکرا.
ئیحسان موفتی گوتیشی: تەواوی کارەبای مزگەوت دەرهێنرا و دووبارە بە سیستەمێکی زۆر پێشکەوتوویی ئەندازییە نۆژەنکرایەوە و هەمووی دەفن کراوە، هاوکات سیستەمێکی نوێی دەنگی بۆ مزگەوتەکە بەکارهاتووە.
سەرپەرشتیاری مزگەوتەکە ئاماژەی بەوە دا، مزگەوتی رەشاد مزگەوتی 28 پەنجەرەی لەخۆ گرتووە و هەر هەموویان گەڕێندرانەوە سەر ئەسڵی خۆی، چونکە بە دار دروستکراون و بۆ ئەوەی رەنگێکی تەواو کلاسیکمان پێبدات بەجوانی خاوێنکرانەوە و بۆیە کرانەوە.
ئیحسان موفتی باسی لەوەش کرد، گومبەزی مزگەوتەکە بەجوانترین شێوە نوێکرایەوە، بەهیچ شێوەیەک دەستکاری نەکراوە، چونکە تەمەنی زیاتر لە 50 ساڵە نەمانویست هیچ دەستکاری بکەین، بەڵام لەلایەن نەجاتی خۆشنووس بەدەست و پەنجەکانی سەرجەم ئایتەکانی قورئانی پیرۆزی لەسەر نوسرابوو جارێکی دیکە نووسرانەوە، بەهەمان رەنگ و شێوە، کە رەنگێکی تەواو کلاسیک پێشانبدات.
دەشڵێت، لە چەند شوێنێکی دیواری مزگەوت دەرز هەبوو، لەلایەن کۆمپانیای تایبەتەوە، هەرهەمووی چاککرایەوە و بەباشی نوێکراوەتەوە، دیواری مزگەوتەکە بە دیواری حەلان دروستکراوە، بۆیە کاتێکی زۆری ویست و کاری ووردی تێدابوو.
دەربارەی حەوشەی مزگەوتەکە، ئیحسان موفتی دەڵێت، لە نێو حەوشەی مزگەوتەکە دوو حەوز هەبوون، کە سیمایەکی ناشرینی هەبوو، بۆیە هەمووی راستکرا و حەوشەکە فراوانکرا و ئێستا شوێنی 10 هەزار نوێژ خوێن هەیە، هەروەها دەرگای سەرەکی گۆڕا و کەپرێکی درێژی 12مەتری بۆ ئەوەی نوێژخوێنان و سەردانیکاران لە زستان و هاوین سوودی لێ وەربگرن دروستکراوە.
هەروەها رایگەیاند، هەموو ئەو دارانەی وشک ببون و کەڵیان نەمابوو، لێکرانەوە و داری نوێ چێندراون و 36 گلوپی بچووک لەسەر دیواری مزگەوت دانراون بۆ ئەوەی بە شەوان سیمایەکی جوان بدات.
دەربارەی کاتی تەواوبوونی مزگەوتەکە، ئیحسان موفتی هەموو هەوڵێک دەدەین لە مانگی ئەیلوول تەواوبکرێت و لە مانگی تشرینی یەکەم بەڕووی نوێژخوێناندا بکرێتەوە.
مزگەوتی رەشاد موفتی، یەکێکە لە مزگەوتە کۆن و ناسراوەکانی شاری هەولێر، دەکەوێتە سەر شەقامی هەولێر-کەرکووک و گەڕەکی مەنتکاوە و لەساڵی 1970 دروستکراوە و شوێنی نوێژکردنی هەزار مەتر چوارگۆشە و 28 پەنجەرە و گۆمبەزێکی گەورەی تێدایە، هەروەها شوێنی تایبەت بە نوێژکردنی ئافرەتان و هۆڵی تازیەی تێدایە و لەسەر ئەرکی ئیحسان موفتی نۆژەندەکرێتەوە و کاری نۆژەکردنەوەکەش بە کۆمپانیایەکی تایبەت و شارەزا دراوە.