لە کەناراوەکانی عومان هێرش کرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر
ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، راپۆرتێکیان لە کاپتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگرەوە پێگەیشتووە لە کەناراوەکانی عومان کە ئاماژە بەوە دەکات، هێزێکی سەربازی هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکەیان.
دووشەممە 31ـی ئابی 2026، ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، هۆشدارییەکی بەپەلەیان لە لایەن کەشتییەکی نەوتهەڵگرەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە رووداوێکی ئەمنی کە لە نێوان کەشتییەکی نەوتهەڵگر و هێزە سەربازییەکان لە ئاوەکانی زەریای هیندی روویداوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، بەریەککەوتن یان روبەڕوبوونەوەیەک لە نێوان کەشتییەکی نەوتهەڵگر و هێزە سەربازییەکان لە نزیک کەناراوەکانی عومان لە زەریای هیندی روویداوە، بەڵام ئاماژە بە زیانەکان نەکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، داوای لە سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکان کردووە لە کاتی تێپەڕبوونیان بەو ناوچەیەدا بە وریایی مامەڵە بکەن و بە وردی پابەندی دوایین رێنمایی و پێشهاتە ئەمنییەکان بن، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دۆخەکە ئاگادار کراونەتەوە و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ ئاشکراکردنی هۆکار و چۆنیەتیی رووداوەکە بەردەوامە.