ئەکسیۆس: ترەمپ تاوتوێی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران دەکات
ماڵپەڕی هەواڵیی ئەکسیۆس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو کارگێڕیی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەمریکا ئەگەری هەیە هێرشی سەربازیی سنووردار لە دژی ئامانجەکانی ئێران لە ناوچەی گەرووی هورمز ئەنجام بدات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و چەند بەرپرسێکی باڵای ئیدارەکەی "سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ئەگەری وەشاندنی گورزی سنووردار لە گەرووی هورمز، بە ئامانجی رێگریکردن لە ئێران بۆ بونیاتنانەوە و چاککردنەوەی تواناکانی لە بواری رادار و مووشەکدا."
ئەکسیۆس ئاماژەی کردووە، واشنتن دەیەوێت لە رێگەی ئەم هێرشانەوە مەترسییەکانی سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز کەم بکاتەوە، جگە لە پاراستنی کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکە ئەمریکییەکان کە لە ناوچەکەدا جێگیرکراون.
پلانە سەربازییەکان لەلایەن سوپای ئەمریکا و بە پاڵپشتیی پیت هیگسێت وەزیری جەنگی، لە هەفتەی رابردوودا ئامادە کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا ترەمپ فەرمانی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنیان دەرنەکردووە. سەرچاوەکان دەڵێن؛ کۆشکی سپی هەفتەی رابردوو مەیلی بۆ ئەوە هەبووە پلانەکەی پێنتاگۆن رەت بکاتەوە بۆ ئەوەی دۆخەکە بەرەو پەرەسەندنی زیاتر نەچێت.
دوێنێ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند؛ وڵاتەکەی وەڵامی ئەو هێرشە دەداتەوە کە کرایە سەر هێزەکانیان لە ئوردن و جەختی کردەوە، واشنتن گورزێکی بەهێز لە ئێرانییەکان دەوەشێنێت.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز ئاماژەی کردووە، هێزەکانیان سەرجەم ئەو مووشەکانەی ئێرانیان تێکشکاندووە کە دوێنێ ئاراستە کرابوون، تەنیا یەک مووشەک نەبێت ئەویش هیچ مەترسییەکی دروست نەکردبوو.
سەبارەت بە پەیوەندییە سیاسییەکانیش، ترەمپ گوتی: "ئێرانییەکان زۆر ئارەزوو دەکەن کۆبوونەوەمان لەگەڵ بکەن، بەڵام گومانم هەیە لەوەی بتوانرێت متمانەیان پێ بکرێت بۆ واژۆکردنی رێککەوتن." ئاماژەی بەوەش کرد، سزاکانی ئێستا بە توندی کاریگەرییان هەبووە و خەریکە ئەنجامەکانیان دەردەکەوێت.
لە مانگەکانی نیسان و حوزەیرانی رابردوو، ئەمریکا و ئێران دوو جار گەیشتنە رێککەوتن بۆ راگرتنی جەنگ و گەرەنتیی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، بەڵام هەردوو رێککەوتنەکە بە خێرایی هەرەسیان هێنا.
لە 13ـی تەممووزی ڕابردووەوە، دوای شکستی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەمریکا دووبارە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی توندکردووەتەوە و سنوورداریی خستووەتە سەر جوڵەی کەشتییەکانی ئەو وڵاتە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بێبەشکردنی تاران لە داهاتی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکیی دراوی بیانییە بۆ ئەو وڵاتە.