کاروان ستوونی: لەم مانگەدا تیرووپشکی ئەلیکترۆنی بۆ ناوی حاجییان دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەم مانگەدا پڕۆسەی تیرووپشکی ئەلیکترۆنی بۆ دیاریکردنی ناوی ئەو هاووڵاتیانە ئەنجام دەدرێت کە دەیانەوێت فەریزەی حەج جێبەجێ بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ، زیاتر لە 116 هەزار هاووڵاتی ناوی خۆیان تۆمار کردووە. بڕیاریشە لەم مانگەدا تیرووپشکی ناوی حاجییان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بەڕێوە بچێت."

سەبارەت بەو نامانەی بۆ مۆبایلی هاووڵاتییان چووە، گوتەبێژی حەج و عومرە روونیکردەوە، ئەو نامانە دوو جۆرن؛ جۆرێکیان بۆ ئەو هاووڵاتیانە چووە کە کێشە و کەموکوڕی لە بەڵگەنامەکانیاندا هەبووە بۆ ئەوەی سەردان بکەن و رێکی بخەنەوە، کە ژمارەیان هەزار و 500 کەسە. جۆری دووەمی نامەکان بۆ ئەو هاووڵاتیانە نێردراوە کە مامەڵەکانیان تەواوە و پێیان راگەیەندراوە کە ناوەکانیان ئامادەیە بۆ چوونە ناو تیرووپشکەکەوە.

ئەمساڵ بەهۆی زۆریی رێژەی خوازیاران، پڕۆسەی ناونووسین و تیرووپشکەکە بە سیستمێکی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەچێت، تاوەکو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ناوی حاجییان دیاری بکرێت.

هەروا ئەمساڵ پێنج هه‌زار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی وڵاتی سعوودییەیان کردووە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، کە دوو هەزار و 368 ئافرەت و دوو هەزار و 752 پیاون.