هەولێر میوانداریی کۆڕبەندێکی ئابووریی نێودەوڵەتی دەکات
کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان و تورکیا و ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت
سەدان بازرگان و وەبەرهێنەر لە هەولێر بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندێکی ئابووریی هاوبەش کۆدەبنەوە، ئامانجیش لێی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و ئازەربایجانە، بە تایبەتی لە رێگەی وشکانییەوە.
ئامادەکارییەکان بۆ رێکخستنی کۆڕبەندی ئابووری و وەبەرهێنان لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و ئازەربایجان لە هەولێر دەستیان پێکردووە.
ئیبراهیم ئاغا گەردی، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، بە کوردستان 24ـی رایگەیاند، بڕیارە کۆڕبەندەکە 20ـی ئەم مانگە ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوەبچێت و ئامانج لێی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی هەر سێ لایەنەکەیە.
ئیبراهیم ئاغا گەردی باسی لەوەش کرد، لە کۆڕبەندەکەدا 130 کەس لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن، لەگەڵ نزیکەی 150 کەس لە بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانی تورکیا و ئازەربایجان.
ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر دووپاتیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات لەرێگەی ئەم کۆڕبەندەوە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وشکانی لەگەڵ ئازەربایجان زیاتر بکات.
گوتیشی، "رێگەی وشکانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتە تەنیا حەوت کاتژمێرە و دەتوانین لە داهاتوودا پەرە بە بازرگانیی زیاتر بدەین".
لە ماوەی رابردوودا پەیوەندییە بازرگانی و دیپلۆماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئازەربایجان بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەیان سەندووە، بە تایبەتی دوای چەندین سەردانی فەرمیی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ باکۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە.
لە هەمان کاتدا تورکیا وەک گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و عێراق دەمێنێتەوە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان ساڵانە دەگاتە چەندین ملیار دۆلار.