کاتی هاتوچۆ لە مەرزی کێلێ زیاد دەکرێت

کاتی هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەی سنووریی کێلێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زیاد دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2026، بەکر باییز، قایمقامی پشدەر، بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئێستا ماوەی هاتوچۆی گەشتیاری لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی بۆ 02:00ـی دوای نیوەڕۆیە و خواستی زۆری گەشتیاران هەبوو بۆ زیادکردنی ماوەکە.

قایمقامی پشدەر باسی لەوە کرد، ئێران رەزامەندیی نیشانداوە کاتەکە لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی بۆ  06:00ـی ئێوارە بێت، بەڵام لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی فەرمانگەکانی دەروازە سنوورییەکە کاری تێدادەکرێت، لە رۆژی شەممەوە، 05ـی ئەیلوول، بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.

لەسەر هەمان بابەت هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، بە کوردستان 24ـی گوت، "ئەمڕۆ سەردانی دەروازە سنوورییەکەمان کردووە و لەگەڵ ئێران لەسەر زیادکردنی ماوەی هاتوچۆی گەشتیاران رێککەوتووین، بەڵام کاری بەردەوامی ئێمە لە رێکخستن و فراوانکردنی دەروازەکە بۆ ئێستا تەنیا دەرفەتی ئەوە دەدات هاتوچۆ لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی بۆ 04:00ـی ئێوارە بێت".

دەروازەی سنووریی کێلێ دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی و هاوسنوورە لەگەڵ شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو مەرزە ساڵانێکی زۆرە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەکاردەهێنرێت و لە ماوەی رابردووشدا بەڕووی هاتوچۆی گەشتیاریدا کرایەوە. 

سەرەڕای ئەوەی هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری تێدا دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە وەک مەرزێکی نێودەوڵەتی نەناسێنراوە. 

هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەوڵدان بۆ ئەوەی دەروازەکە بە فەرمی بناسێنرێت و لە ئێستاشدا کار بۆ فراوانکردن و دروستکردنی باڵەخانەی فەرمانگەکانی وەک بنکەی گومرگ و نشینگە دەکرێت.