زانکۆی هەولێری پزیشکی پێنج قوتابی رەوانەی بەریتانیا دەکات

زانکۆی هەولێری پزیشکی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەیەکی زانستیدا، پێنج قوتابیی کۆلێژی دەرمانسازی بۆ وەرگرتنی کۆرسێکی ئاستبەرز رەوانەی وڵاتی بەریتانیا کرد.

ئەمرۆ سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، دکتۆر کاروان محەمەد ئەمین، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی هەولێری پزیشکی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند "لە مانگی شوباتی ئەمساڵ سەردانی بەریتانیامان کرد بەمەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو وڵاتە لە کەرتی دەرمانسازیدا، لەو چوارچێوەیەدا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆی هەولێری پزیشکی و زانکۆی ناوداری (Strathclyde)ی بەریتانی واژۆ کراوە."

 کاروان محەمەد ئەمین گوتیشی "لە چەند رۆژی ڕابردوودا، پێنج قوتابیی کۆلێژی دەرمانسازی زانکۆکەمان گەیشتنە بەریتانیا بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆرسێکی تایبەتدا بوبکەن و سوود لە ئەزموونی زانکۆی Strathclyde وەربگرن، کە یەکێکە لە باشترین و پێشکەوتووترین زانکۆکانی بەریتانیا لە بواری پزیشکیدا."

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی هەولێری پزیشکی جەختی لەوە کردەوە کە ناردنی ئەم قوتابییانە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاشنابوونیان بە دواپێشکەوتنە زانستییەکان، ئاماژەی بەوەش دا، قوتابییەکان لەگەڵ کۆرسەکەیان سەردانی نەخۆشخانە پێشکەوتووەکانی بەریتانیا دەکەن تاوەکو ڕاستەوخۆ ئاگاداری سیستەمی تەندروستیی ئەو وڵاتە بن.

سەبارەت بە ئامانجی زانکۆکەیان، د. کاروان گوتی "لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین قوتابیمان ڕەوانەی وڵاتی میسر کردووە، ئامانجی سەرەکیمان بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی قوتابییەکانمانە، چونکە زانکۆی هەولێری پزیشکی تاکە زانکۆی پزیشکیی تایبەتمەندە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق."