لە رانیە دووەمین دیداری ساڵانەی شیعر و ئەدەبیاتی خانمان بەڕێوەدەچێت

بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری راپەڕین، دووەمین دیداری ساڵانەی شیعر و ئەدەبیات، لەژێر ناونیشانی "گوڵەزەر"، بە مەبەستی کۆکردنەوەی شاعیران و ئەدیبان، بە تایبەتی شاعیرانی ئافرەت، لە هۆڵی رۆشنیری رانیە بەڕێوەدەچێت.

چوارشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026، ئیمان یادەوەر، خانمە شاعیری باشداربووی دیدارەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم دیدارە ئەدەبییە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک شاعیر و نووسەر لە شارە جیاوازەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت و دەبێتە دەرفەتێک بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمە شیعرییەکان، گفتوگۆکردن لەسەر ئەزموونی نووسین و شیعر و ئاڵوگۆڕکردنی بیر و بۆچوون لەنێوان بەشداربوواندا."

گوتیشی، "من وەک شاعیرێکی ئافرەت و شاعیرانی بەشداربووی دیکە،  هەر یەکەمان بەشێک لە بەرهەمەکانی خۆمان پێشکەش دەکەین و لە رێگەی دەق و خوێندنەوەی شیعرەکانمانەوە، جیهانی تایبەتی خۆمان وێنا دەکەین؛ جیهانێک کە تێیدا هەست و خەیاڵ و بیرکردنەوە و ئەزموونی ژیان لەگەڵ زمان و هونەری شیعر تێکەڵ دەبن."

ئیمان یادەوەر باس لە گرنگیی ئەو دیدارە دەکات و دەڵێت، "گرنگیی ئەم دیدارە ئەدەبییە تەنیا لە خوێندنەوەی چەند دەقێکی شیعری کورتدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە ئێمەی  شاعیرانی ئافرەت لە شار و ناوچە جیاوازەکان لە یەک شوێن کۆدەکاتەوە و  دەرفەتێک بۆ ئێمە دروست دەکات تا دەنگ و ئەزموون و بۆچوونە جیاوازەکانمان لەگەڵ یەکتر هاوبەش بکەین."

دەربارەی کۆبوونەوەی شاعیران لە دیدارێکی ئەدەبیدا، ئیمان یادەوەر دەڵێت، "کۆبوونەوەی شاعیران لە دیدارێکی ئەدەبیدا دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە دەستپێکی پڕۆژە و کارە هاوبەشە ئەدەبییەکان؛ بە تایبەتی کە شاعیران لە شارە جیاوازەکانەوە هەموویان بە یەک ئامانج کۆدەبنەوە، ئەویش خزمەتکردنی زمان و ئەدەب و فراوانکردنی بازنەی خوێندن و نووسینە."

ئەو خانمە شاعیرە باسی لەوەش کرد، "ئەم جۆرە چالاکییە رۆشنبیرییانە هەروەها رۆڵێکی گرنگیان لە پشتگیریکردنی دەنگی ئافرەتان لە بواری ئەدەبدا هەیە. ئافرەتان لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا بەرهەمی گرنگیان پێشکەش کردووە، بەڵام بەردەوامبوونی ئەو دەنگە و دابینکردنی بوار بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمە نوێکان، یەکێکە لە پێداویستییەکانی گەشەپێدانی ژینگەی ئەدەبی و رۆشنبیری."

ئەوەشی گوت، "ئەم دیدارە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان شاعیر و خوێنەر زیاتر بەهێز بکرێت. خوێنەر کاتێک راستەوخۆ لەگەڵ شاعیرێک دادەنیشێت و گوێ لە دەقەکەی دەگرێت، تەنیا شیعرەکە ناخوێنێتەوە، بەڵکو دەزانێت لە پشت ئەو دەقەوە چ بیرکردنەوە و هەست و ئەزموونێک هەیە."

ئیمان یادەوەر باس لە ناساندنی دەنگ و بەرهەمی شاعیرانی ئافرەت لەو دیدارە دەکات و دەڵێت، "ئەم جۆرە دیدارانە دەتوانن ببنە شوێنێک بۆ ناساندنی دەنگ و بەرهەمی شاعیرانی نوێ و ئەو ئافرەتانەی کە بە نووسین و شیعرەوە کار دەکەن، بەڵام هێشتا دەرفەتی زۆریان بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمەکانیان نەبووە. بۆیە پێویستە ئەم جۆرە دیدار و چالاکییە ئەدەبییانە تەنیا لە شارێک یان ناوچەیەکدا ئەنجام نەدرێت، بەڵکو لە تەواوی شار و ناوچەکانی کوردستان بەردەوام بێت."

گوتیشی، "هیوادارم ئەم دیدارانە بۆ دەنگی ئافرەت کاریگەریی هەبێت و بتوانێت دەستکارییەکی بچووک لە بیرکردنەوەی کۆمەڵگە بکات لەبارەی روانینیان بەرامبەر بە ئافرەت؛ چونکە ئەدەب تەنیا دەق نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ گۆڕینی بیرکردنەوە و دروستکردنی گفتوگۆ لە کۆمەڵگەدا."

ئیمان یادەوەر ئاماژەی بەوەش دا، "بەشداریکردنی ئێمەی شاعیرانی ئافرەت لە شارە جیاوازەکان و خوێندنەوەی بەرهەمەکانمان، وێنەیەکی جۆراوجۆر لە ئەزموونی ئەدەبیی ئافرەتان لە کوردستان پیشان دەدات؛ ئەزموونێک کە لە هەموو جیاوازییەکانییەوە، لە کۆتاییدا لەسەر یەک خاڵ کۆدەبێتەوە: پاراستن و پەرەپێدانی زمان و ئەدەبی کوردی و گەیاندنی دەنگی ئافرەتان بە گوێی کۆمەڵگە."

رانیە بۆ دووەمین جار دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی دەنگە ئەدەبییەکان؛ دەنگانێک کە لە رێگەی شیعرەوە هەوڵ دەدەن هەست و بیر و ئەزموونی ژیان بگوازنەوە و لە هەمان کاتدا بەشێک بن لە پرۆسەی بەهێزکردنی ژینگەی ئەدەبی و رۆشنبیری لە کوردستان.

دووەمین دیداری ساڵانەی شیعر و ئەدەبیاتی خانمان، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026، لە هۆڵی رۆشنبیری رانیە بەڕێوەدەچێت و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.