وەزارەتی دارایی عێراق: سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کارا دەکرێت

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، کار بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی "ئەسیکۆدا" لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە مانگی 10ی ئەمساڵیشەوە وەرگرتنی پێشوەختەی رسوماتی گومرگی دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، لەگەڵ تیمی شارەزایانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNCTAD) و بەرپرسانی گومرگ کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی سیستەمی "ئەسیکۆدا" و پرسی جێبەجێکردنی لە دەروازە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کرد، جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لە هەرێمی کوردستان، دەبێتە هۆی یەکخستنی رێکارەکان و بەهێزکردنی چاودێری گومرگی لەسەر ئاستی نیشتمانی و رێگریکردن لە سەرپێچییەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، لە 1ی تشرینی یەکەمی 2026ەوە، رسوماتی گومرگی بە شێوەی پێشوەختە لە کاتی حەواڵەکردنی پارەدا وەربگیرێت. وەزیری دارایی رایگەیاند، ئەم هەنگاوە بۆ رێگریکردنە لە ساختەکاری و زیادکردنی شەفافیەت لە کۆکردنەوەی داهاتەکاندا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە، ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" لە هەرێمی کوردستان بەرەو کۆتایی دەچن و بەم زووانە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەستنەوەی ئەلیکترۆنی گشت دەروازە سنوورییەکان.