تومەنی ئێرانی هاڕەیەکی مێژوویی تۆمار دەکات
دەستپێکردنەوەی قۆناخێکی نوێی جەنگیی ئێران و ئەمریکا، جیا لەوەی ئاسایشی ناوچەکەی شڵەژاند، بەڵام بۆ ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران گورزێکی گەورە و کاریگەرە و بەهۆیەوە یەکەمجارە بەهای تومەن هاڕەیەکی مێژوویی تۆمار دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، دووەم رۆژ بەسەر دەستپێکردنەوەی جەنگیی ئێران و ئەمریکا تێدەپەڕێت، بەڵام لە رووی ئابوورییەوە ئەمجارە جەنگەکە کاریگەرییەکانی زیاتر زەق بووەتەوە و بە گوێرەی ئەو نرخەی لە بازاڕی ئازادی دراوی قورسی ئێران، بە تایبەت تارانی پایتەخت بڵاو کراوەتەوە، یەکەمجارە بەهای تومەن بەم ئاستە هاڕە بکات و هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر بە سەرووی 220 هەزار تومەن مامەڵەی پێوە کراوە، واتە 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە زیاتر 22 ملیۆن تومەن.
هەروەها هەر یەک یورۆ بەرامبەر بە 255 هەزار تومەن، واتە 100 یورۆ بەرامبەر بە 25 ملیۆن و 500 هەزار تومەن مامەڵەی پێوەکراوە، ئەمەش بە گەورەترین لە دەستدانی بەهای تومەن لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێت.
هاڕەی تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە دراوی قورس، لە کاتێکدایە دوێنی سێشەممە 1ـی ئەیلوول، عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دڵنیایی دابوو لەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر داڕمانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی نییە. راشیگەیاندبوو، بانکی ناوەندی ئامادەکاری بۆ کۆنترۆڵی دۆخی شڵەژاوی بازاڕ دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش دوو ملیار دۆلار دەخاتە بازاڕ؛ ئەم هەنگاوەی وەک راگرتنی هاوسەنگییەک لەنێوان بەهای تومەن و دراوی قورس بووە.
پێشتریش سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی گرووبی 20 لە بارەی بۆ چڕترکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران رایگەیاندبوو، لەمەودوا سەپاندنی سزا ئابوورییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی دەبێتە هەفتانە و نیازیانوایە سەرجەم پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتان بپچڕێنن.