نیویۆرک تایمز: کێشەی تەکنیکیی فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا توانای جەنگی وڵاتەکیان لاواز کردووە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، ژمارەیەک لە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا رووبەڕووی قۆناخێکی درێژخایەنی چاککردنەوە لە بەندەرەکان بوونەتەوە و ئەمەش وایان لێدەکات بۆ چەند ساڵێک لە ئامادەیی بۆ شەڕ داببڕێن.

چوارشەممە 2ـی ئەیلولی 2026، هێزی دەریایی ئەمریکا خاوەنی 11 فڕۆکەهەڵگرە و راپۆرتەکە روونیکردەوە، لەو ژمارەیە 4 فڕۆکەهەڵگر بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاراستە کراون، فڕۆکەهەڵگرەکانی دیکەش یان تووشی کێشەی تەکنیکی بوون یان لە بەندەرەکاندا خەریکی چاککردنەوەی قورس بوون، ئەم دۆخەش وایکردووە بۆ ماوەیەک کە رەنگە چەند ساڵێک بخایەنێت، بۆ جەنگ گونجاو نەبن.

پێنتاگۆن لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئێران ناچار بوو دابەشکردنی کەشتییە جەنگییەکانی لە نێوان چەند بەرەیەکدا رێکبخاتەوە، لەم پێناوەدا فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتن کە لە ژاپۆن جێگیر بوو، بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵێندرا تا جێگەی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکڵن بگرێتەوە و بەهۆی ئەم بڕیارەشەوە، بەشی رۆژئاوای زەریای هێمن بەبێ هیچ فڕۆکەهەڵگرێکی ئەمریکی مایەوە.

کێشە تەکنیکییەکان تەنیا لەم خاڵەدا نەوەستان و هێزی دەریایی ئەمریکا لە ماوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژی ئێران رووبەڕووی زنجیرەیەک کێشەی دووبارە بووەوە کە کاریگەرییان لەسەر ئاستی بەرهەمی کەشتییەکان هەبووە. دیارترینیان فڕۆکەهەڵگری نوێی جێراڵد فۆرد بوو کە ئایاری رابردوو لە گەشتێکی 11 مانگیدا گەڕایەوە و بەهۆی داخورانی دیاری پێکهاتە سەرەکییەکانییەوە، پێویست بوو ببرێتە بەندەری چاککردنەوە؛ پرۆسەیەک کە پێدەچێت بەلایەنی کەمەوە ساڵێکی تەواو بخایەنێت.

رۆژنامەکە لە راپۆرتەکەیدا بەشێک لەو کێشە رۆژانەیانەی دۆکیومێنت کرد کە ئەو کەشتییە رووبەڕووی بووەتەوە. ئاداری رابردوو ئاگرێکی گەورە لە ژووری جلشۆری کەشتییەکە کەوتەوە و ئۆپەراسیۆنی کوژاندنەوەکەی زیاتر لە 30 کاتژمێری خایاند، ئەوەش بووە هۆی سووتانی سەرجەم شوێنی نیشتەجێبوونی تیمەکە، شوباتی هەمان ساڵیش تۆڕی ئاوەڕۆی سەر فڕۆکەهەڵگرەکە تووشی کێشە بوو، ئەمەش مەینەتییەکانی ستافەکەی زیاتر کرد و کاریگەری لەسەر ئامادەیی کارپێکردنی کەشتییەکە دانا.