لە کۆیە کۆنسێرتی موزیکی بارانی پایز بەڕێوەچوو
بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری کۆیە، کۆنسێرتێکی موزیکی لەژێر ناوی "بارانی پایز"، بۆ دوو گروپی موزیکی کۆیە، لە هۆڵی سەنتەری گەنجانی کۆیە بەڕێوەچوو.
چوارشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026، هونەر تاهیر، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری کۆیە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم کۆنسێرتە بۆ دوو گروپی موزیکی کۆیە ئەنجامدرا و جگە لەوەی ئەو کۆنسێرتە بۆ پیشاندانی توانای موزیکژەنە نوێکارەکان بوو، هەنگاوێکیش بوو بۆ پشتگیریکردن لە تواناکانی منداڵان و گەشەپێدانی بەهرە هونەرییەکانیان لە بواری موزیکدا."
گوتیشی، "یەکێک لە گروپە بەشداربووەکان، ، گروپی موزیکی ریتمی رۆشنبیری بوو کە لە کۆمەڵێک موزیکژەنی منداڵی بە توانای کۆیە پێکهاتبوو. ئەندامانی ئەم گروپە بە شێوەیەکی تایبەت لە بواری لێدانی موزیک و ریتمدا راهێنانیان کردووە و لە کۆنسێرتەکەدا توانای خۆیان لە ژەنینی ئامێرەکانی موزیک پیشان دا."
هونەر تاهیر باس لە خۆ ئامادەکردنی گروپەکە بۆ ئەو کۆنسێرتە دەکات و دەڵێت، "ئەئەندامانی گروپەکە بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام لە خول و راهێنان بوون، تا بتوانن خۆیان بۆ بەشداری لەم کۆنسێرتەدا ئامادە بکەن. ئەم ماوەیەی راهێنان بووە هۆی ئەوەی گروپەکە بتوانێت لەسەر رێکخستن، هاوکاتبوون و پێشکەشکردنی بەرهەمە موزیکییەکان بە شێوەیەکی باشتر کار بکات. گروپی موزیکی ریتمی رۆشنبیری بە سەرپەرشتی مامۆستا فازڵ سلێمان کار دەکات؛ مامۆستا فازڵ لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا لەگەڵ ئەندامانی گروپەکە کار لەسەر راهێنان و پەرەپێدانی توانای موزیکیان کردووە."
دەربارەی گروپی دووەمی بەشداربووی کۆنسێرتەکە، هونەر تاهیر دەڵێت، "لە بەشی دووەمی کۆنسێرتەکەدا، گروپی موزیکی کچانی رۆشنبیری بەشداری کرد؛ گروپێک کە بە تەواوی لە موزیکژەنی ئافرەت پێکهاتووە و کۆمەڵێک لە کچانی بەهرەمەند و موزیکژەنی گەنج تێیدا کۆبوونەتەوە. ئەندامانی ئەم گروپە لە بواری ژەنینی پیانۆ، گیتار و لێدانی موزیکدا کار دەکەن و بەشدارییان لە کۆنسێرتەکەدا تەنیا نمایشێکی موزیکی نەبوو، بەڵکو نیشانەیەک بوو لە گەشەکردنی بەشداریی کچان و ئافرەتان لە ژیانی هونەری و موزیکی ناوچەکە. ئەم گروپەش بە سەرپەرشتی مامۆستا رەوەز مەولود خۆی بۆ کۆنسێرتەکە ئامادە کرد و ئەندامانی گروپەکە توانای خۆیان لە ژەنینی ئامێرە جیاوازە موزیکییەکاندا بە شێوەیەکی زیندوو و هاوکات پیشان دا."
هونەر تاهیر جەختی لەوەش کردەوە، "لە کۆی کۆنسێرتەکەدا، هەر یەک لە دوو گروپە موزیکییەکە بە پێنج بەرهەمی موزیکی بەشدارییان کرد و بە شێوەیەکی تایبەت بەرهەمەکانیان بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد."
هونەر تاهیر باس لە گرنگیی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنسێرتە دەکات و دەڵێت، "ئەو کۆنسێرتە تەنیا کۆنسێرتێکی موزیکی نەبوو؛ بەڵکو بۆنەیەکی هونەری بوو بۆ ئەوەی توانای جیلێکی نوێی موزیکژەن و هونەرمەند بخرێتەڕوو و دەرفەت بۆ منداڵان و کچانی بەهرەمەند بڕەخسێنرێت تا لە ژینگەیەکی هونەریدا تواناکانیان پەرە پێ بدەن."
هونەر تاهیر ئاماژەی بەوەش دا، "بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە چالاکییە هونەرییانە، لەگەڵ راهێنان و پشتگیریکردنی بەهرە نوێکان، دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی جیلێکی نوێی موزیکژەن و هونەرمەند هەبێت؛ بە تایبەتی کاتێک منداڵان و کچان لە تەمەنێکی زووەوە دەرفەتی فێربوون و پێشکەشکردنی تواناکانیان بۆ دەرفەتێکی گشتییان بۆ دەڕەخسێت."
کۆنسێرتی موزیکی "بارانی پایز"، رۆژی سێشەممە، 1ی ئەیلوولی 2026، بەبەشداری دوو گروپی موزیکژەن، لە هۆڵی سەنتەری گەنجانی کۆیە بەڕێوەچوو.