چین دەستوەردانی دەرەکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەت دەکاتەوە
سەرۆکی چین، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر لە قاهیرە، جەختی لەسەر پێویستیی رەتکردنەوەی دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.
چوارشەممە 2ـی ئەیلولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتی میدیا فەرمییەکانی چین، شی جین پینگ سەرۆکی چین، رایگەیاندووە: "پێویستە پابەند بین بەو بنەمایەی کە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی بڕیاری کاروباری خۆیانن، دەبێت دەستوەردانی دەرەکی رەت بکرێتەوە و پاڵپشتی لە وڵاتانی ناوچەکە بکرێت بۆ بەهێزکردنی دیالۆگی پەیوەست بە ئاشتی و ئاسایش."
ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی چینە بۆ میسر لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا و لە کاتێکدایە کە بەیژینگ هەوڵ دەدات پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات، بەتایبەت لە سایەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، مانگی رابردوو واشنتن بەڵێنی دا ئێران لە رووی ئابوورییەوە گۆشەگیر بکات و هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر ئەو لایەنانەدا کرد کە مامەڵە لەگەڵ تاران دەکەن، کە رەنگە بانکەکانی چینیش بگرێتەوە، لە بەرامبەردا، چین کە کڕیارێکی سەرەکیی نەوتی ئێرانە، بەڵێنی داوە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات.
شی جین پینگ گوتیشی: "چین ئامادەیە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کار بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی رێڕەوە دەریاوانییە نێودەوڵەتییەکان، بەهێزکردنی هاوکارییە گەشەپێدەرەکان و بنبڕکردنی سەرچاوەکانی ململانێ."
سەرۆکی چین لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سەرۆکی میسر ئاماژەی بەوەش کردووە، بەیژینگ ئامادەیە هاوکار بێت لە پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکانی ناوچەکە کە بە سەرچاوەی وزە دەوڵەمەندن، ئەم لێدوانە دوای ئەو ئاڵۆزیی و گرژییە گەورانە دێت کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوو دروست بوون، کە بووە هۆی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە.