لە عێراق لیژنەیەکی ئەمنی بۆ چاودێریی گوتاری تایفی پێکدەهێندرێت

دەستەی راگەیاندنی ئەمنی، لیژنەیەکی پسپۆڕی بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی ئەو گوتار و بڵاوکراوانە پێکهێنا کە هەڵگری سروشتی نەتەوەیی و تایفین و دەبنە هۆی ورووژاندنی دووبەرەکی و رقلێبوونەوە.

چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، سەعد مەعەن، سەرۆکی دەستەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، ئەو لیژنەیە بە ئامانجی پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی سەقامگیری دامەزراوە و بەگوێرەی چوارچێوە یاساییە پەسەندکراوەکان کارەکانی رادەپەڕێنێت.

سەرۆکی دەستەی راگەیاندنی ئەمنی گوتیشی: "بەگوێرەی رێنماییەکانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، رەزامەندی لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند دراوە بۆ چاودێریکردنی ئەو ناوەڕۆکانەی هەوڵی ورووژاندنی کێشە تایفییەکان دەدەن".

جەختی لەوەشکردەوە، لیژنەکە بە سەرۆکایەتی دەستەی راگەیاندنی ئەمنی و پەیوەندییە گشتییەکان لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کاردەکات، هەروەها ئەرکی سەرەکی ئەو دەستەیە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستە بەرامبەر بەو ناوەرۆکانەی دەبنە هۆی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی یان ورووژاندنی هەستی پێکهاتەکان.

سەرۆکی دەستەی راگەیاندنی ئەمنی ئاشکرایکرد، لیژنەکە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ناوەندی ئۆپەراسیۆنە زانیارییەکان لەخۆ دەگرێت، هاوکات ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتی پسپۆڕی هونەری لە دامەزراوە ئەمنییەکان بەشداری لە کارەکانی لیژنەکەدا دەکەن، تا میکانیزمەکانی چاودێریکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ناوەرۆکانەی هاندەری ئاژاوەن، بەهێزتر بکرێت.