ئەڵمانیا بە بەهای 800 ملیۆن یۆرۆ چەک بە ئیسرائیل دەفرۆشێت

حکوومەتی ئەڵمانیا رەزامەندیی خۆی بۆ هەناردەکردنی کەرەستەی سەربازی بە بەهای نزیکەی 800 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئیسرائیل دەربڕی، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە بەشێک لەو سنووردارکردنانەی پێشتر لەسەر هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل دانرابوون، هەڵگیراون.

چوارشەممەی 2ـی ئەیلولی 2026، گۆڤاری دێر شپیگل بڵاویکردەوە، حکوومەتی ئەڵمانیا مۆڵەتی پێویستی بۆ کۆمپانیاکانی پیشەسازیی بەرگری دەرکردووە تا کەرەستەی سەربازی بۆ ئیسرائیل دابین بکەن، روونیشیکردەوە، بەهای ئەو مۆڵەتانە لە نێوان کانوونی دووەم و حوزەیرانی 2026 گەیشتووەتە نزیکەی 800 ملیۆن یۆرۆ، کە ئەم ژمارەیە تێکڕای بەهای مۆڵەتەکانی ساڵی 2025 تێدەپەڕێنێت.

پڕۆژە گەورەکانی بەرگری زۆرینەی ئەو هەناردانەیان پێکهێناوە، بە شێوەیەک پڕۆژەیەکی دەریایی نزیکەی 67%ـی ئەو مۆڵەتانەی لە چارەکی دووەمدا دەرکراون پێکدەهێنێت، لەنێو ئەو پڕۆژانەدا ژێرئاویی ئینس دارکۆ هەیە کە لەلایەن کۆمپانیای تیسنکروپ مارین سیستمزی ئەڵمانییەوە دروستکراوە.

ئەڵمانیا لە ئابی 2025 هەناردەکردنی ئەو چەکانەی راگرت کە لە غەزە بەکاردەهێنران، بەڵام لە 24ـی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا، حکوومەت سنووردارکردنەکانی هەڵگرت.

لیا ریسنەر، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پارتی چەپ رەخنەی لەو بڕیارە گرت و حکوومەتی وڵاتەکەی بە پەیڕەوکردنی پێوەری دووفاقە تۆمەتبار کرد، ریسنەر داوای کرد هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل بە تەواوی و بەشێوەیەکی بەپەلە رابگیرێت.

ئامارەکان دەردەخەن بەهای هەناردەکردنی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئەڵمانیا بۆ ئیسرائیل لە ساڵی 2023 گەیشتووەتە 327 ملیۆن یۆرۆ، لە ساڵی 2024 گەیشتووەتە 161.1 ملیۆن یۆرۆ و لە ساڵی 2025ـیشدا 260 ملیۆن یۆرۆ بووە.