ئێران کەشتییەکی بیانیی بە تۆمەتی قاچاخ دەستبەسەر دەکات

هێزە ئەمنییەکانی ئێران، کەشتییەکی بارهەڵگری بیانییان لە ئاوەکانی کەنداو دەستبەسەرکردووە، هەروەها  دەستبەسەرکردنی کەشتییەکە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ قاچاخبردنی 382 هەزار لیتر سووتەمەنی بووە.

چوارشەممە 2ـی ئەیلولی 2026، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکان لەو ئۆپەراسیۆنەدا 11 کەسی بیانییان سەر کەشتییەکە دەستگیرکردووە، روونیشیکردووەتەوە هێزەکان دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر بوونی بەرهەمی نەوتیی قاچاخ لە باکووری کەنداو، ئۆپەراسیۆنەکەیان بەڕێوەبردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عەبادان بەشدارییان لە دەستبەسەرکردنی کەشتییەکە و دەستبەسەراگرتنی 382 هەزار لیتر سووتەمەنییەکەدا کردووە.

سەبارەت بە دەستگیرکراوان، سەرچاوە فەرمییەکان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی رەگەزنامەی ئەو 11 کەسە بیانییە ئاشکرا نەکرد، هەروەها تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی دیکەیان لەبارەی وردەکاری رووداوەکە بڵاو نەکردووەتەوە.