دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ کەیسی مردنی هاووڵاتییەک لە هەولێر دەکات
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، لە نزیکەوە چاودێری کەیسی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەک لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی هەولێر دەکات و تیمێکی تایبەتی بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە راسپاردووە.
چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە نزیکەوە و بە وردی چاودێری کەیسی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەک دەکەین کە لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریدا لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبتەکانی شاری هەولێر گیانی لەدەستداوە و، بە گوتەی کەسوکارەکەی بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە بووە.
بە پێی راگەیەنەراوەکە، تیمێکی تایبەتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەدواداچوونی مەیدانی بۆ رووداوەکە دەستپێکردووە و لە رێگەی پەیوەندیکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، زانیاریی پێویستی لەسەر کەیسەکە کۆکردووەتەوە.
هاوکات دەڵێت: "ئێمە لە دەستەی مافی مرۆڤ چاوەڕێی کۆتاییهاتنی رێکارە یاساییەکان و بڕیاری کۆتایی دادگا دەکەین و، هیوادارین بەرامبەر بە هەر کەس و لایەنێک کەمتەرخەمی سەلمێنرا، رێکاری توندی یاسایی بگرێتەبەر."
دەستەکە جەخت لەسەر گرنگیی خستنەڕووی ئاکامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی دەکاتەوە. هەورەها ئاماژەی بەوە کرد، وەک ئەرکێکی مرۆیی و یاسایی بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی ئەم کەیسە تا گەیشتن بە دادپەروەری.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ئافرەتێکی تەمەن 21 ساڵ لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت (ئەهلی) لە شاری هەولێر، گیانی لەدەستدا.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو، بڕیار درا بە داخستنی تەواوەتی ئەو نەخۆشخانەیە و رەوانەکردنی ئیدارەی نەخۆشخانەکە و پزیشکەکان بۆ دادگا، بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بە شێوازی نایاسایی لە هۆڵێکی داخراودا.