چین چوار مەرج بۆ سەردانەکەی قالیباف بۆ بەیژینگ دادەنێت
سکرتێری گشتیی پارتی کادیرانی سازانی ئێران ئاشکرایکرد، چین پەیامێکی گرنگی ئاراستەی تاران کردووە و رایگەیاندووە، سەردانی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ بەیژینگ و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەندە بە جێبەجێکردنی چوار مەرجی سەرەکی.
پێنجشەممە 3ـی ئەیلولی 2026، بەگوێرەی گوتەکانی حوسێن مەرعەشی، سکرتێری گشتیی پارتی کادیرانی سازانی ئێران، مەرجەکانی چین بریتین لە، دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی دەریاوانی، وەرنەگرتنی هیچ جۆرە باج و رسووماتێک لە کەشتییەکان، کۆتاییهێنان بە کێشەکان لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیە و هەروەها چارەسەرکردنی گرفتەکان لەگەڵ ئەمریکا.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، راپۆرتەکان ئاماژە بە ساردبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەیژینگ دەدەن، بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی کۆبوونەوەیەکی کورتی نێوان مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و شی جین پینگ، هاوتا چینییەکەی، لەلایەن میدیا ئێرانییەکانەوە وەک نیشانەیەک بۆ ساردبوونی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات لێکدراوەتەوە، چونکە هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمیی دووقۆڵییان نەکردووە.
لە رووی ئابوورییەوە، ئامارەکان ئاماژە بە پاشەکشەیەکی گەورە دەکەن، هاوردەکردنی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە بۆ 540 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبووەتەوە، کە ئەمەش سێ هێندە کەمترە لەو ئاستەی پێش داخستنی گەرووی هورمز هەبوو، پسپۆڕان پێیان وایە بەیژینگ بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ رێکاری بۆ کەمکردنەوەی کڕینی نەوتی ئێران گرتووەتەبەر وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز.
چین کە بە توندی پشت بە وزەی ناوچەی کەنداو دەبەستێت و خاوەنی وەبەرهێنانێکی زۆرە لە وڵاتانی عەرەبی، هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی دەبینێت، هەروەها مەرجەکانی بەیژینگ دەریدەخەن کە چین سەقامگیریی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ سعوودیە و ئەمریکا وەک فاکتەرێکی جیانەکراوە لە هاوکارییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ تاران تەماشادەکات.