موسەننا تەمیمی: عێراق ساڵانە پێویستی بە 50 ملیار مەترسێجا ئاو هەیە

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەڵێت: شەپۆلی بارانبارینی سەرەتای بەهاری 2026 عێراقی لە قەیرانی کەمئاوی رزگار کرد. گوتیشی: دۆسیەی ئاو پرسێکی سیادییە و وەزارەتەکەی پێویستی بە گۆڕانکاریی جیددی لە سیاسەتە حکوومییەکان و دابینکردنی بودجەی پێویست هەیە.

چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی: دۆخی ئاو لە عێراقدا ئاڵۆزە و چڕیی بارانبارین بووەتە هۆی کەمکردنەوەی قەیرانی کەمئاوی.

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، باسی لەوە کرد، دۆسیەی ئاو پرسێکی زۆر گرنگ و سیادییە، هەروەها دۆخی ئاو لە کۆتایی ساڵی 2025 لە ئاستێکی زۆر مەترسیداردا بووە؛ بەڵام شەپۆلی بارانبارینی سەرەتای وەرزی بەهاری ساڵی 2026  عێراقی لە کەمئاوی رزگار کرد.

هاوکات رەخنەی لە حکوومەتەکانی پێشووی عێراق گرت و رایگەیاند: گرنگیی پێویستیان بە دۆسیەی ئاو نەداوە و لە ئێستاشدا وەزارەتەکەی پێویستی بە گۆڕانکاری لە سیاسەتە حکوومییەکاندا هەیە.

 تەمیمی ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ساڵی 2003 جگە لە چەند پڕۆژەیەکی سنووردار، هیچ پڕۆژەیەکی کاریگەری ئاو لە وڵاتدا جێبەجێ نەکراوە و، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان شایستەی دارایی تەواوی لە بودجەکانی رابردوودا وەرنەگرتووە.

سەبارەت بە هەماهەنگییە دەرەکییەکان، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان ئاماژەی بە رێککەوتنامەی چوارچێوەیی نێوان عێراق و تورکیا کرد و گوتی: ئامانجی سەرەکیی ئەم رێککەوتنامەیە رێکخستنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هەردوو وڵاتە لە دۆسیەی ئاودا.

وەزیرەکە جەختی لەوە کردەوە، رێککەوتنی عێراق لەگەڵ تورکیا، هەناردەکردنی 30 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لەخۆدەگرێت، لە بەرامبەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆر کە بەشێکیان تایبەتن بە کەرتی ئاو.

 ئاماژەی بەوەش کرد، لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتننامە چوارچێوەییەدا چەندین پرۆژەی دروستکردنی بەنداو جێبەجێ دەکرێن، بە جۆرێک کە ئاستی ئاودێری لە 35%ـەوە بۆ 80% بەرز دەکاتەوە. 

تەمیمی روونی کردەوە، ئەم پڕۆژە نوێیانە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی تورکی جێبەجێ دەکرێن، ئاو دەگەیەننە پارێزگاکانی باشوور و دەبنە هاندەرێکی باش بۆ جووتیاران.

موسەنا تەمیمی رایگەیاند: عێراق ساڵانە پێویستی بە 50 ملیار مەترسێجا ئاو هەیە. پێشبینی کرد تاوەکوو مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو 27 ملیار مەترسێجا ئاو لە یەدەگی وڵاتدا بمێنێتەوە. 

ئاماژەی بەوە کرد، قەیرانە سیاسییەکان کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بڕی ئاوی هاتوو بۆ ناو عێراق هەیە و جەختی کردەوە، پێویستە عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیادا هەبێت، هاوکات هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سووریاش لەسەر بەشە ئاو بەردەوامە

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان جەختی لە گرنگیی بەکارهێنانی سیستمی نوێی ئاودێری کردەوە، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو، رێگریکردن لە پیسبوون و دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی ئاو لە نێوان پارێزگاکاندا. 

تەمیمی گوتیشی: گرنگترین پڕۆژەی ئێستای وەزارەتەکەی، پاککردنەوە و لادانی پیسییە جۆراوجۆرەکانە لەسەر هەردوو رووباری دیجلە و فوڕات.