ئەمریکا گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران لە گەرووی هورمز چڕدەکاتەوە
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، گەمارۆکانی سەر ئێران بە توندی بەردەوامن و لە 14ـی تەممووزەوە تا ئێستا، رێڕەوی 86 کەشتیی بازرگانی گۆڕدراوە.
پێنجشەممە 3ـی ئەیلولی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس روونیکردەوە، هێزەکانیان 3 کەشتییان راگرتووە و چوونەتە سەر 2 کەشتیی دیکە بۆ ئەوەی دڵنیا بن لە پابەندبوون بە گەمارۆکان، هاوکات بڵاویکردووەتەوە، لە ناوەڕاستی حوزەیرانی رابردوو و لە گەڕی یەکەمی گەمارۆکانەوە تا ئێستا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێڕەوی 194 کەشتیی گۆڕیوە و 9 کەشتیی دیکەشی راگرتووە.
چوارشەممەی رابردوو، سێنتکۆم رایگەیاند، کۆتایی بە شەپۆلێک هێرش هێناوە کە سێشەممەی رابردوو دەستی پێکردبوو و پێگەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی لەناو خاکی ئێراندا کردبووە ئامانج، لە بەرامبەردا تاران وەڵامی دایەوە و رایگەیاند، ژمارەیەک بنکە و ئامانجی ئەمریکی لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە کردووەتە ئامانج.
کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، کە رێڕەوی تێپەڕبوونی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانە، بووەتە خاڵێکی سەرەکی ناکۆکی لەو دانوستانانەی ئامانجیان هێورکردنەوەی گرژییەکانە لەگەڵ ئێران.
لەگەڵ پەککەوتنی ئەو دانوستانانەی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بە ئامانجی کردنەوەی دیسانەوەی ئەو رێڕەوە ئاوییە هەوڵی بۆ دەدرێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەڕاوەتەوە سەر بەکارهێنانی گوشاری ئابووری کە لە سزاکان و گەمارۆی ئەمریکیدا خۆی دەبینێتەوە.