ئیسرائیل هۆشداری توند بە ئێران دەدات

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە ئێرانی راگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بە هێزێکی گەورە وەڵامی هەر هێرشێک بداتەوە کە لەلایەن تارانەوە بکرێتە سەریان، ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران روو لە زیادبوونە.

پێنجشەممە 3ـی ئەیلولی 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێستا تاران لە سەرتاسەری ناوچەکەدا هێرش دەکات بەبێ ئەوەی ئیسرائیل بکەنە ئامانج، بەڵام ئەگەری هێرشکردنە سەرمان هەیە و ئێمەش لە رووی بەرگرییەوە بۆ ئەوە ئامادەین.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دا، ئەگەر ئەو حاڵەتە رووبدات، وڵاتەکەی بە هێزێکی گەورە و بە سەربەخۆیی لە هەر لایەنێکی دیکە وەڵام دەداتەوە و گوتی:"فڕۆکەکانمان ئامادەن بۆ فڕین".

چوارشەممە 2ـی ئەیلول، ئێران هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەنداو، ئەوەش دوای کۆتاییهاتنی زنجیرەیەک هێرشی واشنتن لە دژی ئەو وڵاتە، ئەم پێشهاتە فراوانبوونی بازنەی گرژییەکان نیشان دەدات لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەرچوون لەو جەنگە پەکیکەوتووە، کە لە 28ـی شوبات بە هێرشێکی ئەمریکی - ئیسرائیلی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیپێکردبوو.

واشنتن و تاران لە نیساندا گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی جەنگ، سەرەڕای ئەوەی لەو کاتەوە هەردوو لا چەند جارێک هێرشیان کردووەتە سەر یەکتر، بەڵام ئیسرائیل بەدوور بووە لە بەشداریکردن لەو کردە سەربازییانەدا.

جەدعون ساعەر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس 24، هەمان هەڵوێستی کاتزی دووبارە کردەوە، ساعەر گوتی: "ئەگەر ئێران هێرشمان بۆ بهێنێت، بە دڵنیاییەوە بە هێزەوە وەڵام دەدەینەوە، بەڵام دڵنیا نیم ئێران ئەو هەڵەیە بکات" گوتیشی: "ئێستا هیچ پلانێکمان نییە بۆ بەشداریکردن لە جەنگەکەدا".

شەوی رابردوو ئێران زنجیرەیەک هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر پێگە ئەمریکییەکان لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا، ئەمەش دوای ئەوەی ئێوارەی سێشەممە ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوانی ئەنجامدا، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردن، ئیمارات، کوەیت، بەحرەین، کە ئەوە گەورەترین ئاڵوگۆڕی هێرشە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لەو جەنگەی شەش مانگە بەردەوامە.

کاتز باسی ئەگەری ئەوەی کرد رەنگە ئێران سوود لەو ماوەیەی پشووەکانی جولەکە وەربگرێت کە لە ناوەڕاستی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات، بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل، کاتز گوتی ئێرانییەکان "حەزیان لێیە لە پشووەکانی جولەکەدا هێرش بکەن چونکە رقیان لە جولەکەیە، بەڵام ئێمە لە رووی بەرگری و هێرشبردنەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا لەو بارەیەوە ئامادەین".