مالیکی: زمانی هەڕەشە لە نێوان دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکان کۆتایی هاتووە

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، زمانی هەڕەشە و ئاڵینگاری لە نێوان دەوڵەتی عێراق و گروپە چەکدارەکان کۆتایی هاتووە، روونیشیکردەوە ئێستا کار لەسەر رێکخستن و لەخۆگرتنی چەک دەکرێت نەک داماڵینی.

پێنجشەممە 3ـی ئەیلوولی 2026، مالیکی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: ئەو زمانەی جاران کە پڕ بوو لە هەڕەشە، ئێستا گۆڕدراوە بۆ لۆژیک، چونکە هەمووان تێگەیشتوون هەڕەشە هیچ ئەنجامێکی نابێت، جەختی لەوەش کردەوە نە حکوومەت ئەوەندە لاوازە هێرشی بکرێتە سەر، نە هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکان لە بەرژەوەندیی کەسدایە، هەر بۆیە دەرگای دیالۆگ کراوەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە رێگر بێت لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری.

سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردن، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا روونیکردەوە، لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کار دەکات بۆ جیاکردنەوەی جۆرەکانی چەکی قورس، مامناوەند و سووک، تاوەکو شێوازێکی گونجاو بۆ کۆنترۆڵکردنیان بدۆزرێتەوە.

مالیکی پێشتریش لە 26ـی ئابدا هۆشداری دابوو، گۆڕانی ئەم دۆسێیە بۆ پێکدادانێکی ناوخۆیی، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر سەقامگیریی عێراق و رایگەیاند، هەر ململانێیەک تەنیا زیان بە پێکهاتەی شیعە ناگەیەنێت، بەڵکو تەواوی دەوڵەت و کۆمەڵگە و پێکهاتەکان دەبنە قوربانی، هەر بۆیە حکوومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی رێگە نادەن وڵات بەرەو شەڕی ناوخۆیی بڕوات.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان وەک (نوجەبا، کەتائیبی حزبوڵڵا و سەیدولشوهەدا) رەتیدەکەنەوە چەکەکانیان رادەست بکەن و داهاتووی چەکەکانیان بە کشانەوەی تەواوەتیی هێزە بیانییەکانەوە دەبەستنەوە، هەروەها حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت 30ـی ئەیلوولیان وەک وادەی کۆتایی بۆ داماڵینی چەک دیاریکردووە و هۆشدارییان داوە، دوای ئەو رێکەوتە، هەر چالاکییەکی چەکداریی دەرەوەی دەوڵەت بەگوێرەی یاسای دژە تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.