عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی و هەڵهاتن زیاتر لە 3000 کارمەند لە ئەرکەکانیان دووردەخاتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاری دەرکردنی 38 ئەفسەر و 3 هەزار و 425 کارمەندی لە ریزەکانی وەزارەت دەرکرد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە کەیسەکانی گەندەڵی و هەڵهاتن لە ئەرک.

پێنجشەممە 3ـی ئەیلوولی 2026، مقداد میری، سەرۆکی بەشی پەیوەندی و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، وەزارەت رێکارێکی توندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی پابەندبوونی پیشەیی لەناو دامەزراوە ئەمنییەکاندا گرتووەتەبەر، جەختیکردەوە، هیچ پارێزبەندییەک بۆ هیچ کەسێک نییە ئەگەر تێوەگلانی لەو کەیسانەدا بسەلمێت کە پەیوەندییان بە پاکوخاوێنییەوە هەیە یان ناوبانگی دامەزراوەکە لەکەدار دەکات.

لە ماوەی 100 رۆژی تەمەنی حکوومەتی ئێستادا، وەزارەتی ناوخۆ رێکاری توندی گرتووەتەبەر کە بەهۆیەوە 38 ئەفسەر بەتەواوەتی لە خزمەت دەرکراون، ئەم بڕیارەش دوای پشتڕاستکردنەوەی تێوەگلانیان لە کەیسەکانی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی هاتووە، ئەو بەرپرسە ئاشکرایکرد، لەپاڵ ئەوانەدا، 180 کارمەند بەهۆی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگا و بە هەمان هۆکار لە خزمەت دوورخراونەتەوە، هاوکات 3 هەزار و 245 کارمەندیش کە لە ئەرکەکانیان هەڵهاتبوون، لە ریزەکانی وەزارەت دەرکراون.

ئەو رێکارانە دەیسەلمێنن کە وەزارەت بە جددی و توند مامەڵە لەگەڵ هەر حاڵەتێکی گەندەڵی یان کەمتەرخەمی لە ئەرکدا دەکات، هاوکات گوتی: "پڕۆسەی چاکسازی و لێپرسینەوە بێ جیاوازی بەردەوام دەبێت، چونکە پاراستنی دامەزراوە ئەمنی و بەهێزکردنی پابەندبوون لە ریزەکانیدا، بنەمایەکی گرنگە بۆ بونیاتنانی دەزگایەکی ئەمنیی پیشەیی کە متمانەی هاووڵاتییان بەدەستبهێنێت و شکۆی دەوڵەت بپارێزێت".