پرۆسەی خوێندن لە "تەل تەمر" رووبەڕووی کێشە بووەتەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی نوێی خوێندن لە رۆژئاوای کوردستان، کێشەی کەمی و وێرانبوونی قوتابخانەکان لە شارۆچکەی "تەل تەمر" سەریهەڵداوەتەوە و بەو هۆیەوە 1500 قوتابی لە پرۆسەی پەروەردە بێبەش دەبن.

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارۆچکەی "تەل تەمر" رایگەیاندووە، لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، کێشەی کەمیی باڵەخانەی قوتابخانە چارەسەر نەکراوە. 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە دا، لە کۆی 115 قوتابخانە لە سنوورەکە، 11 قوتابخانە بەهۆی شەڕەوە بە تەواوی وێران بوون، هەروەها شەش باڵەخانە ئاوارەکانی سەرێ کانییان تێدا نیشتەجێ کراون و 18 قوتابخانەی دیکەش لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی سەر بە تورکیادان.

لە درێژەی زانیارییەکاندا پەروەردەی "تەل تەمر" ئەوەی خستەڕوو، بەشێکی دیکە لە قوتابخانەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ چاککردنەوەیان نەنراوە، لە کاتێکدا تەنیا چەند رۆژێک بۆ دەستپێکی پرۆسەی خوێندن ماوە. 

بەپێی ئامارەکانی ئەو فەرمانگەیە، بەهۆی کۆنیی باڵەخانەکان و نەبوونی شوێنی پێویست، ئەمساڵ لانی کەم 1500 قوتابی ناتوانن بچنە هۆڵەکانی خوێندن و لە پەروەردە دووردەکەونەوە.

شارۆچکەی تەل تەمر دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. لە دوای هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکان بۆ سەر سەرێ کانی و گرێ سپی لە ساڵی 2019، تەل تەمر بووە ناوچەیەکی هێڵی پێشەوەی شەڕ و ململانێکان. ئەم دۆخە وای کرد ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکانی دیکە ئاوارەی شارۆچکەکە ببن و لە باڵەخانە گشتییەکاندا نیشتەجێ ببن، لەوانەش قوتابخانەکان.