لە هەولێر فیلمی سینەمایی ژوانی خوێن نمایش دەکرێت
فیلمی سینەمایی "ژوانی خوێن"، لە دەرهێنانی عەدنان رۆژبەیانییە و کۆمەڵێک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕن، لە رۆیاڵ سینەمای هەولێر نمایش دەکرێت.
پێنجشەممە، 3ی ئەیلوولی 2026، عەدنان رۆژبەیانی، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم فیلمە سینەماییە، خۆم کاری دەرهێنانم بۆی کردووە و لە نواندن و سیناریۆی ساڵح بێکەسە. کارەکانی مۆنتاژ و ئامادەکردنی لەلایەن هێرش جەلیل جێبەجێ کراون و دیزاینی جلوبەرگیش لەلایەن گوڵاڵە بێلافەوە کراوە. هەروەها ژمارەیەک ئەکتەری ناسراوی بوارى نواندن بەشدارییان لەو فیلمە سینەماییەدا کردووە."
گوتیشی، "چیرۆکی فیلمەکە روداوێکی بەئازار و خۆشەویستییەکی ناکام دەگێڕێتەوە؛ باس لە دوو خۆشەویستی دڵسۆز دەکات کە لە یەکێک لە گوندەکانی کوردستاندا دەژین. بەڵام کاتێک پەیوەندی و ژوانی عەشقیان لەلایەن خەڵک و کەسوکاری ناوچەکەوە ئاشکرا دەبێت، رووبەڕووی لێشاوێک لە کێشە، زۆرداری و ئاستەنگ دەبنەوە."
دەرهێنەری فیلمەکە زیاتر باس لە چیرۆکی نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "کوڕەکە سوارچاکێکی بەئەمەکی عەشقەکەیەتی، ناچار دەبێت ببینێت کە چۆن خۆشەویستەکەی رووبەڕووی ئازار و لێدانی جەستەیی و دەروونی دەبێتەوە. هەڕەشەی کوشتن لەم دوو ئەویندارە دەکرێت، تا کار دەگاتە ئەوەی بۆ پاراستنی گیانیان، گوند و نیشتمانی خۆیان جێبهێڵن و بەرەو شوێنێکی دوورەدەست هەڵبێن."
عەدنان رۆژبەیانی جەختی لەوەش کردەوە، "دوای تێپەڕبوونی 25 ساڵی تەواو بەسەر ئەو دوورکەوتنەوەیەدا، کوڕەکە بە دڵێکی پڕ لە حەسرەتەوە دەگەڕێتەوە بەو هیوایەی دوای ئەم هەموو ساڵە جارێکی دیکە چاوی بە مەحبووبەکەی بکەوێتەوە. کاتێک دەگاتەوە، دەبینێت خۆشەویستەکەی تا ئێستاش شووی نەکردووە و تەواوی تەمەنی خۆی لە چاوەڕوانی گەیشتن بە دڵدارەکەیدا بەڕێ کردووە. لە کاتێکدا هەردووکیان لە تەمەنێکی پیریدان، دووبارە شادمان دەبنەوە و باوەش بە یەکتردا دەکەنەوە."
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش دا، "بەڵام چارەنووس دەرفەتی بەردەوامبوونیان پێ نادات؛ چیرۆکی عەشقەکەیان بە مەرگ کۆتایی پێدێت و دوا هەناسەکانی ژیانیان سپاردووە. بەمەش پەیامێک بۆ جیهان جێدەهێڵن کە سەرباری ئەوەی ستەم و زۆرداری لەم دنیایەدا جیاکەرەوەی ئەوان بوو، بەڵام بڕوایان وایە لە جیهانەکەی دیکەدا بۆ هەمیشە بە یەکتر دەگەنەوە."
فیلمی سینەمایی "ژوانی خوێن"، لە سیناریۆی ساڵح بێکەسە و عەدنان رۆژبەیانی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ی ئەیلوولی 2026، لە رۆیاڵ سینەمای هەولێر نمایش بکرێت.