ترەمپ: چەک بۆ هاوپەیمانەکانمان دابین دەکەین
سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی وڵاتەکەی لە ئێران، رەخنەی لە شێوازی رووماڵکردنی میدیاکان گرت و رایگەیاند، بۆ ئەو کەسانەی رەتی دەکەنەوە بە وردی راپۆرت لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەمان لە ئێران بڵاو بکەنەوە، ئێمە بڕێکی زۆر لە چەکە قورسەکانمان لە بەردەستدایە، کە زۆر زیاترە لەوەی لەم جەنگەدا یان هەر جەنگێکی دیکەدا بەکاری بهێنین.
پێنجشەممە 3ـی ئەیلولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی چەک ئێستا بێ وێنەیە و گوتی: "ئێمە سەرقاڵی کۆگاکردنی چەکین و خۆمان بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاو ئامادە دەکەین، گوتیشی،" ئێمە ئەو چەکانە بۆ بەرژەوەندیی ئابووریی وڵاتەکە هەڵدەگرین نەک بۆ فرۆشتنیان بە لایەنەکانی دیکە، بەڵام بەمزووانە پرۆسەی فرۆشتنی چەک بە هاوپەیمانان دەست پێ دەکاتەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ رەخنەی لە ئیدارەی جۆ بایدن گرت و گوتی "با ئەوە بزانرێت کە ئیدارەی بایدن بڕێکی زۆر لە چەکەکانی بەبێ بەرامبەر بە ئۆکرانیا داوە، کە ژمارەکەی زۆر زیاترە لەو چەکانەی ئێمە لە ئێران بەکارمان هێناوە."
سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، سەدان ملیار دۆلار بەبێ بەرامبەر بە ئۆکرانیا و ناتۆ دراوە، لەکاتێکدا ئەوروپا دەیتوانی تێچووی ئەو چەکانە دابین بکات، ترەمپ جەختیکردەوە، واشنتن ئەو پارەیەی لە وڵاتانی ئەوروپی داوا کردووە، ئەگەرچی داواکارییەکە بە درەنگەوە بووە.