وەزارەتی دارایی عێراق پێداچوونەوە بە پێداویستییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەدا دەکات
کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە بارەی دواهەمین ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 بە سەرپەرشتی وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو، هەروەها پێداچوونەوە بە قۆناخەکانی بودجە و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرا.
پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی عێراق، فالح ساری، وەزیری داراییی فیدراڵ، زنجیرە کۆبوونەوەکانی بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دەرئەنجامەکانی کارکردن لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 بەردەوامی پێدا.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری سەڵاحەددین و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ نوێنەرانی چەندین وەزارەت، پارێزگا و لایەنە حکوومییە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بەو قۆناخانەدا کراوە کە لە چوارچێوەی ئامادەکردنی بودجەدا بەپێی خشتە زەمەنییە پەسەندکراوەکان جێبەجێ کراون، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی دەرئەنجامی کارەکانی لیژنە و تیمە جیاوازەکان و پێشنیازە پێشکەشکراوەکان بۆ تەواوکردنی پێداویستییەکانی پڕۆژەکە کرا.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکە هەنگاوی گرنگی ناوە لە تەواوکردنی پێداویستییەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری دارایی داوای کرد لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی دووقۆڵی لە نێوان لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئامادەکردني پڕۆژەیاسای بودجە و شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، هاوكات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە روونی و شەفافییەتی تەواو لە ئاشکراکردنی داتا داراییەکان و داهاتەکاندا، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە بودجەیەکی واقیعی و ورد.