ناتانیاهۆ: ئێران لاواز بووە و دەتوانین بیڕوخێنین
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەر دەستدایە، ناتانیاهۆ پێیوایە لە سێبەری ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیانپێکردووە، کۆماری ئیسلامی لە هەر کاتێکی دیکە لاوازتر بووە.
پێنجشەممە 3ـی ئەیلولی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میانی چالاکییەکدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان گوتی: "دڵنیام لەوەی دەتوانین ئەم هەڕەشەیە بۆ جارێک و بۆ هەمیشە لەناو ببەین، واتە ئەم رژێمە بڕووخێنین، ئەمە ئەو ئەرکە سەرەکییەیە کە هێشتا چاوەڕێمان دەکات، بەڵام نزیکە، مەحاڵ نییە و لە بەر دەستدایە".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران گوتی: "ئێران ئێستا بە تەواوی تێکشکاوە، لە هەر کاتێکی دیکە لاوازترە و بۆ مانەوەی خۆی دەجەنگێت".
لە درێژایی کاروانی سیاسیی خۆیدا، ناتانیاهۆ هەمیشە ئێرانی بە هەڕەشەیەکی بوونی بۆ سەر ئیسرائیل ناوبردووە، ناتانیاهۆ لە حوزەیرانی 2025 جەنگێکی دژی ئێران راگەیاند، پاشان لە 28ـی شوباتی 2026 لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەنگێکی دیکەیان دەستپێکرد، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
واشنتن و تاران لە نیساندا گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی جەنگ، هەرچەندە لەو کاتەوە هەردوو لا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر یەکتر، بەڵام ئیسرائیل خۆی لە بەشداریکردن لەو ئۆپەراسیۆنانە بەدوور گرتووە، هاوکات تاران لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکادا، هیچ هێرشێکی نەکردووەتە سەر ئیسرائیل.
لێدوانەکانی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە خۆی ئامادە دەکات بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی، کە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی تشرینی یەکەمی داهاتوودا کێبڕکێیەکی توند بەخۆیەوە ببینێت، ئەمەش لە سێبەری نوێبوونەوەی هێرشە یەکبەدوایەکەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەم هەفتەیەدا دێت.
بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشدارییان داوەتە کۆماری ئیسلامی کە بە توندی وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە کە ئیسرائیل بکاتە ئامانج.
ناتانیاهۆ لەو بارەیەوە گوتی: "ئەگەر ئەوان هێرشمان بۆ ناکەن، ئەوا بە رێککەوت نییە، ئەوان هێرش دەکەنە سەر هەمووان جگە لە ئێمە، چونکە ئەوان هێزی ئێمە، هێزی چەکەکانمان و بڕیاردانمان دەناسن".