ڤانس: فشاری ئابووری و سەربازی لەسەر ئێران بەردەوام دەبێت
جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، فشارە ئابووری و سەربازییەکان دژی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە پرسی چەکدارکردنی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، پێنجشەممە 3ـی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند: "زۆر شت هەن کە دەیکەین، بەڵام ئاشکرایان ناکەم"، روونیشیکردەوە فشارە ئابووری و سەربازییەکان دژی ئێران هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆن.
هەروەها گوتیشی: "ئەمریکا هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئێران ناکات تا ئەو کاتەی تاران کۆتایی بە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان نەهێنێت.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چوارشەممە رەتیکردەوە ئاشکرای بکات ئایا بیر لەوە دەکەنەوە "ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا " رەوانەی ئێران بکەن بۆ چەکدارکردن و پاڵپشتیکردنی خۆپیشاندەران دژی رژێمی ئێران، بەڵام جەختیکردەوە دەسەڵاتی ئێران رۆژ بە رۆژ لاوازتر دەبێت".
ترەمپ گوتیشی: "ئێرانییەکان لە ترسی کوژران لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، بە شێوەیەکی راستەوخۆ رووبەڕووی سەرکردایەتی دەسەڵات نابنەوە".
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی ئەمریکا لە کاتێکدا دێن، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامە و فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر سەرکردایەتی ئێران چڕتر بوونەتەوە، هاوکات باس و خواسەکان سەبارەت بە داهاتووی ئێران و توانای کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان زیادیان کردووە.