ئیسرائیل پلانی راگواستنی بەکۆمەڵی دانیشتووانی کەرتی غەزە دادەڕێژێت
وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، پلانێکی بۆ چۆڵکردنی کەرتی غەزە لە دانیشتووانە فەلەستینییەکەی و گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی وڵات خستەڕوو.
هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی پلانی داڕشتووە بۆ گواستنەوەی ئەو فەلەستینییانەی لە کەرتی غەزە نیشتەجێن بۆ شوێنێکی دیکە، روونیکردەوە پلانی وڵاتەکەی ئەوەیە غەزە بە تەواوەتی چۆڵ بکرێت و دانیشتووانەکەی بگواسترێنەوە بۆ دەرەوەی وڵات.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، چوارشەممەی رابردوو، یسرائێل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل خاوەنی پلانی ئامادەکراوە بۆ دەرکردنی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەزە، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەکەین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو شوێنە دیاری بکات کە دەکرێت ئەوان بۆی بگوازرێنەوە.
لە کاتی دەستپێکردنی جەنگەوە لە دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، چەندان جار باس لە بەجێهێشتنی خاکەکەیان لەلایەن دانیشتووانی ئەو کەرتە گەمارۆدراو و وێرانکراوەوە کراوە، راگواستنی بەزۆرەملێی هاووڵاتییانی مەدەنی لە خاکی داگیرکراودا، بەگوێرەی رێککەوتننامەکانی جنێڤ بە تاوانی جەنگ هەژمارد دەکرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر کاتێک داوای کرد نزیکەی 2 ملیۆن فەلەستینی کەرتی غەزە بەجێبهێڵن و کەرتەکە بکەن بە ناوچەیەکی گەشتیاریی وەک رێڤیێرای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و ناچار بوو بە ئاشکرا لەو پێشنیازە پاشەکشە بکات.
بن غەفیر کە بە هەڵوێستە توندڕەوەکانی ناسراوە و بەردەوام رووبەڕووی رەخنەی رۆژئاوایی دەبێتەوە، ئامانجەکەی ئەوەیە لە ماوەی یەک ساڵدا 250 هەزار فەلەستینی لە غەزە دوور بخاتەوە و پاشان لە ماوەی 6 ساڵی داهاتوودا ئەوانەی دەمێننەوە، کە ژمارەیان بە 2 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، لەوێ دەربکات.
بن غەفیر، یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی هاوپەیمانی حکوومەتی بنیامین ناتانیاهۆ، ئەو پلانەی بە شتێکی ئەرێنی وەسفکرد و روونیکردەوە، چەند وڵاتێک هەن ئامادەن پێشوازی لە دانیشتووانی غەزە بکەن، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو وڵاتانە ئاشکرا بکات.
بن غەفیر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، دەبێت هانی کۆچی دانیشتووانی غەزە بدەین، ئەو پێی وایە ئەو پلانە بە واتای ئەوە نییە فەلەستینییەکان بەزۆر ناچار بکرێن خاکی خۆیان بەجێبهێڵن.
بن غەفیر روونیکردەوە، پارتی هێزی جوولەکە، لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوودا داوای دامەزراندنی وەزارەتێک بۆ کاروباری کۆچ دەکات، ئەو پلانەکەی خۆی بە بەروبوومی کارێکی ساڵ و نیوێک ناوبرد و بە پلانێکی بەرجەستە ناوی هێنا.
ئاژانسی فرانس پرێس دەستی بە وێنەیەک لەو بەڵگەنامە 20 لاپەڕەییە گەیشتووە کە بە ناونیشانی پلانی کاری نیشتمانی بۆ کۆچی خۆویستانە لە کەرتی غەزە ئامادە کراوە و بن غەفیر تێیدا دەڵێت، پلانەکەی چارەسەرێک بۆ ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین پێشکەش دەکات.
سەرەڕای ئەوەی ئەندامانی هاوپەیمانی حکوومەتی راستڕەو چەندان لێدوانیان سەبارەت بە دوورخستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەزە داوە، بەڵام روون نییە تا چەند ئەو قسانە دەبنە رێوشوێنی کردەیی.
رۆژێک پێش قسەکانی بن غەفیر، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکدا کە چوارشەممەی رابردوو لەلایەن ماڵپەڕی وای نێت و رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت رێکخرابوو، گوتی، لە کۆتاییدا هیچ چارەسەرێکی راستەقینە بۆ غەزە بەبێ ئەم کۆچە بوونی نییە.
روونیشیکردەوە، حکوومەتی ئیسرائیل رێکخراوە و ئامادەیە بۆ دەرکردنیان، لە رێگەی دەریایی، ئاسمانی و بە هەر شێوازێکی دیکە.
ئەم هەڵوێستانە چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئیسرائیل دێت، کە پێشبینی دەکرێت کێبڕکێیەکی توند تیایدا هەبێت و یەکەمین هەڵبژاردن دەبێت لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەزە.
کاتس چەند مانگێکە بانگەشە بۆ ئەو هەنگاوە دەکات کە بە کۆچی خۆویستانە بۆ دانیشتووانی غەزە ناوی دەبات، لە شوباتی رابردوودا، بتسەلێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی توندڕەو پێشنیاری ئەوەی کردبوو بازنەی کۆچکردنەکە فراوان بکرێت و فەلەستینییەکانی کەرتی رۆژئاواش بگرێتەوە کە لە ساڵی 1967ـەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە.
لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، ترەمپ کاتێک داوای کرد سەرجەم فەلەستینییەکان غەزە بەجێبهێڵن، بووە هۆی شۆکێکی گەورە، ئەو کات باس لە پەرەپێدانی ئەو کەرتە کەناراوییە و گۆڕینی بۆ وێستگەیەکی گەشتیاریی گرانبەها کردبوو.
بیرۆکەکەی ترەمپ رووبەڕووی دژایەتییەکی بەهێز بووەوە و ناچاری کرد پاشەکشە بکات، بەتایبەت دوای ئەوەی میسر، کە تاکە وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل هاوسنوورە لەگەڵ کەرتی غەزە، دژایەتی خۆی نیشاندا، پاشان سەرۆکی ئەمریکا لەدوای رێککەوتنی ئاگربەستی تشرینی یەکەم، پلانێکی 20 خاڵیی بۆ غەزە خستەڕوو کە تێیدا جەخت لەسەر ئەوە کرابووەوە راگواستنی بەزۆرەملێ روونەدات.
جەنگەکە بووە هۆی وێرانکارییەکی زۆر لەو کەرتە فەلەستینییە گەمارۆدراوە و زۆربەی دانیشتووانەکەشی لانیکەم جارێک ئاوارە بوون، ئەمە جیا لە قەیرانێکی مرۆیی توند، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی حەماسدا 1,221 کەس کوژران.
لە بەرامبەردا، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەزە، هێرشەکانی ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی 73,470 کەس لە غەزە، کە زیاتر لە 1,330 کەسیان لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکەی تشرینی یەکەمەوە کوژراون.