جێگری یەکەمی پزیشکیان هۆشداریی توند بە واشنتن دەدات
جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران هەڕەشەی ئەوەی کرد چەند مانگێکی سەخت چاوەڕێی ئابووریی ئەمریکا دەکات، گوتیشی: "ئێران بە حیساباتی بەرگری و ئەمنی خۆیدا دەچێتەوە و ئەمریکاش باجەکەی دەدات".
پێنجشەممە 3ـی ئەیلوولی 2026، محەمەد رەزا عارف، جێگری یەکەمی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس دەڵێت: "جموجووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی تاران، ئێران ناچار دەکات پێداچوونەوە بە حیساباتە ئەمنی و بەرگرییەکانی خۆیدا بکاتەوە.
هاوکات هۆشداری دەداتە واشنتن و دەڵێت: "وەڵامی ئێران ناهاوسەنگ و فرەئاست دەبێت و ئامانج لەو وەڵامە بێبەشکردنی دەستدرێژیکارە لە ئاسایش".
سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی تەواوەتی ئابووری و سەربازیی تاران، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران نووسیویەتی: "پێویستە ئەمریکییەکان دەست بە بیرکردنەوە لە کۆگاکردنی بەنزین و سووتەمەنی بکەن، چونکە چەند مانگێکی سەخت چاوەڕێی ئابووریی ئەمریکا دەکات".
سەرەڕای ئەوەی محەمەد رەزا عارف وردەکاریی رێوشوێنەکانی ئێرانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام تاران لە رابردوودا چەندان جار هەڕەشەی کردووە هێرش دەکاتە سەر هەناردەکردنی وزە لە ناوچەکەدا.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران روو لە هەڵکشانە، ئەم دۆخە دوای گەڕێکی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە ئێرانییەکان دێت، کە بەدوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران لە سەرانسەری ناوچەکەدا روویداوە.