فوئاد حوسێن لەگەڵ ئەنجوومەنی ئەتڵەسی دۆسیەی چەکی دەوڵەت تاوتوێ دەکات
وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ڤیکتۆریا تایلۆر، بەڕێوەبەری بەرنامەی دەسپێشخەریی عێراق لە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی، گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و هەوڵەکانی رێکخستنی چەک و خستنەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تاوتوێکرد.
هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە بەغدا پێشوازی لە ڤیکتۆریا تایلۆر، بەڕێوەبەری بەرنامەی دەسپێشخەریی عێراق لە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی کردووە، لەو دیدارەدا دواین گۆڕانکارییە هەرێمییەکان، بەتایبەت ئەو هەوڵ و دەسپێشخەرییانەی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدرێن، تاوتوێ کراون.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوو لا باسیان لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ رێکخستنی چەک و هێشتنەوەی لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت و ئەو ئاستەنگانە کرد، کە رووبەڕووی جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانە دەبنەوە.
هاوکات پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و رێگەکانی پەرەپێدان و بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش تاوتوێ کران، بەتایبەت لە دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن.