کۆریای باشوور هێزی سەربازی رەوانەی گەرووی هورمز دەکات
میدیاکانی کۆریای باشوور بڵاویانکردەوە، حکوومەتی ئەو وڵاتە رێکارەکانی خۆئامادەکردن بۆ ناردنی جبەخانەی سەربازی بۆ گەرووی هورمز دەستی پێکردووە، ئەمەش بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لەو ناوچەیە، پێشبینیدەکرێت ئەو هەنگاوە بەر لە کۆتاییهاتنی ئەمساڵ جێبەجێ بکرێت.
هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە، حکوومەتی کۆریای باشوور سەرقاڵی رێکخستنی رێکارە پێویستەکانە بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی پەرلەمان، چاوەڕواندەکرێت داواکارییەکە پاش پێداچوونەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، لە ماوەی ئەم مانگەدا پێشکەشی پەرلەمان بکرێت.
میدیاکانی کۆریای باشوور بڵاویانکردەوە، حکوومەت تاوتوێی چەند بژاردەیەک دەکات، لەوانە ناردنی فڕۆکەیەکی چاودێریی دەریایی، کەشتییەکی پشتیوانیی لۆجیستی، یان یەکەیەکی تایبەت بە دۆزینەوە و پووچەڵکردنەوەی مین، هاوکات لەگەڵ ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، دانوستان لەسەر قەبارە و سروشتی ئەو بەشداریکردنە بەڕێوەدەبەن.
کۆشکی شین، کە بارەگای سەرۆکایەتیی کۆریای باشوورە، رایگەیاند، سۆل سەرقاڵی تاوتوێکردنی رێکاری کردەییە بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووەکەدا، لە هەمان کاتدا جەختیکردەوە، ئەو راپۆرتانەی باس لە بڕیاری کۆتایی حکوومەت بۆ بڵاوکردنەوەی جبەخانەی سەربازی دەکەن، لە راستییەوە دوورن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئابدا لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، قەبارەی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و کۆریای باشووری کەمکردووەتەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم بڕیارەش ئەوەیە، سۆل رەتیکردەوە لە شەڕی دژی ئێراندا هاوکاریی واشنتن بکات.