وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: یەکێتی ئەوروپا بۆ پەکخستنی ئابووری ئێران هاتە پاڵمان
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنی "دابڕاندنی ئابووری" (Operation Economic Outcast) کردووە، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردن لە ئێران بۆ بەکارهێنانی سیستەمی دارایی جیهانی بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمی و چەکدارییەکانی.
رۆژی هەینی، 4ی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسێنت لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی چووەتە ناو ئۆپەراسیۆنی دابڕاندنی ئابووری و ئێمەش دەستخۆشی لەو هەڵوێستە بەهێز و پێشوەختەیان دەکەین."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، وڵاتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سوورن لەسەر ئەوەی دڵنیابنەوە کە "رژێمی بکوژی ئێران" نەتوانێت سوود لە سیستەمی دارایی جیهانی وەربگرێت بۆ دابینکردنی تێچووی خواستە ئەتۆمییەکانی، بەرنامەکانی چەک و گرووپە تێرۆریستییە بریکارەکانی.
بێسێنت لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە جیهان پەیامێکی روون ئاراستەی رژێمی ئێران دەکات و دەڵێت: "ئێمە ناوەستین تاوەکو هەموو ئەو رێگە و دەمارە داراییانەی کە ماونەتەوە، بە تەواوی دەبڕدرێن."
ئەو راگەیاندنەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا داوای لە ئێران کردبوو بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی سنووردار بکات و دەست لە چالاکییە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکە و ئەوروپا هەڵبگرێت. هەروەها داوای کردبوو تاران پشتگیرییە سەربازییەکانی بۆ رووسیا لە شەڕی ئۆکراینا و سەرکوتکردنی گەلی خۆی رابگرێت.
یەکێتی ئەوروپا جەختی لەوەش کردبووەوە کە سزای فراوانی بەسەر ئێراندا سەپاندووە بۆ رێگریکردن لە قۆستنەوەی ئابووری جیهانی، هاوکات پشتیوانی خۆی بۆ فشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی "دابڕاوی ئابووری" دەربڕی. یەکێتییەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئامادەن رێکاری توندتر بگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دەستەبەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.