سۆمۆ تەندەرێکی نوێ بۆ کڕینی زیاتر لە 446 هەزار تۆن سووتەمەنی رادەگەیەنێت

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، هەوڵدەدات بڕێکی زۆر لە رۆنی قورس  (Fuel Oil) بکڕێت بۆ ئەوەی لە ماوەی نێوان مانگی ئەیلوول تاوەکو کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا رادەست بکرێت، ئەمەش دووەم تەندەری لەو شێوەیەیە کە کۆمپانیاکە لەمساڵدا رایگەیاندووە.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیای سۆمۆ دەیەوێت نزیکەی 446250 تۆن لەو سووتەمەنییەی کە لە پیشەسازی و گواستنەوەدا بەکاردێت، بکڕێت بۆ ئەوەی رەوانەی بەندەری خۆر زوبەیر بکرێت. لەو بڕەش، دەبێت باری یەکەم کە 40 هەزار تۆنە، لە کاتێکی درەنگ نەبێت تاوەکو 15ی ئەیلوول بگاتە عێراق.

هەر بەپێی بەڵگەنامەکە، دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازەکان رۆژی 7ی ئەیلوول دیاریکراوە و بۆ ماوەی 20 رۆژ کاریان پێدەکرێت.

سەرچاوە بازرگانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پەنابردنی سۆمۆ بۆ هاوردەکردنی ئەم بڕە سووتەمەنییە، بۆ بوونی کورتهێنان لە دابینکردنی باری پێویست لەلایەن دابینکەرانی دیکەوە دەگەڕێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە عێراق لە ساڵی 2023دا پاڵاوگەی نوێی کەربەلای خستەگەڕ و لە سەرەتای ئەمساڵیشدا بڕێکی زۆر لەو سووتەمەنییەی بۆ فرۆشتن خستبووە روو.