مامۆستایانی ئایینی لە گوتاری ئەمڕۆدا باسی چی دەکەن؟
بۆردی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف، رایدەگەیەنێت، بەدرێژایی مانگی مەولوود، ناوەڕۆکی گوتاری مامۆستایانی ئایینی تایبەت دەبێت بە ئاکارەکانی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) و جەختکردنەوە لە قووڵکردنەوەی کلتووری پێکەوەژیان و رێزگرتن لە پێکهاتە ئایینییەکانی دیکە.
هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، ئەندامی بۆردی باڵای گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت "ساڵانە لەگەڵ هاتنەوەی یادی مەولوود، بەدرێژایی ئەم مانگە پەیام و ناوەڕۆکی گوتاری مامۆستایانی ئایینی تایبەت دەبێت بە باسکردنی ژیان و ڕەوشت و ئاکارەکانی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ)، بۆ ئەوەی زیاتر کاردانەوە و ڕەنگدانەوەی لەسەر موسڵمانان هەبێت."
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتیشی "پێغەمبەری ئیسلام بە رەوشت و ئاکارە بەرزەکانی ناسرابوو، ئەمەش پاڵنەرێکی سەرەکی بوو بۆ بانگەوازەکەی و کاریگەریشی لەسەر پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکەش هەبوو، بۆیە دەمانەوێت برایەتی، رێز، خۆشەویستی و ئاشتی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا زیاتر بڵاوبکەینەوە."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەکان، قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان و رێزگرتن لە ئایینەکانی دیکە، یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی کە مامۆستایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان هەمیشە جەختی لێ دەکەنەوە، بەتایبەت لە یادی مەولووددا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک پێکهاتەی ئایینیی دیکە هەن و بە ئازادی پەیڕەوی لە ئایینەکانیان دەکەن، ئەمەش وەک کلتوورێک سەدان ساڵە لێرە بەردەوامە.
ساڵانە یادی مەولوود لە گوند، شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوازێکی جیاواز یاد دەکرێتەوە و بە درێژایی مانگەکە لە مزگەوت و ناوچە جیاوازەکان موسڵمانان کۆدەبنەوە. لە چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکەش هاوشانی موسڵمانان بەشداری لەم یادەدا دەکەن، ئەمەش پەیامی بەهێزی برایەتی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان نیشان دەدات.