وەزارەتی نەوت هۆکاری قەرەباڵغی بەنزینخانەکانی عێراق ئاشکرا دەکات

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، قەرەباڵغی لە بەنزینخانەکانی عێراق بەهۆی جیاوازی نێوان بڕی بەرهەمهێنان و بەکاربردنەوەیە، ئاماژەی بەوەش کرد کە گرژییەکانی ناوچەکە و بارودۆخی ئەمنی کاریگەرییان لەسەر گەیشتنی بارە بەنزینە هاوردەکراوەکان هەبووە.

رۆژی هەینی، 4ی ئەیلوولی 2026، سەلیم رکابی، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە نێوان بەرهەمهێنان و خواستدا هەیە، وەزارەت پەنای بۆ هاوردەکردنی بەنزینی "موحەسەن" لە دەرەوەی وڵات بردووە. بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە رووداو و ململانێکان لە ناوچەکەدا بوونەتە هۆی دروستبوونی گرفتی لۆجیستی بۆ هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و دواکەوتنی گەیشتنیان بۆ بەندەرەکانی عێراق.

گوتەبێژی وەزارەتی نەوت روونی کردەوە، بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی لە ناوچەکەدا، تەنیا گرێبەست لەگەڵ یەک کەشتی نەوتهەڵگر کراوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ بەنزینخانەکان. گوتیشی: "وەزارەت پلانێکی داڕشتووە بۆ سوودوەرگرتن لە ژمارەیەکی زیاتر لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان تاوەکو بتوانرێت پێداویستی رۆژانە دابین بکرێت و کۆگای ستراتیژیی سووتەمەنیش بەهێز بکرێت."

سەلیم رکابی داوای لە هاووڵاتیان کرد کە تەنیا بەپێی پێداویستی خۆیان بەنزین وەربگرن و لەبەر بڕێکی کەم لە بەنزین قەرەباڵغی لەبەردەم بەنزینخانەکان دروست نەکەن، چونکە ئەمە کێشەکە گەورەتر دەکات. هەروەها جەختی کردەوە کە نابێت هاووڵاتیان گوێ بۆ ئەو دەنگۆیانە بگرن کە باس لە هەبوونی کێشە لە کەرتی پاڵاوتن و دابەشکردن دەکەن، چونکە پاڵاوگەکان بە تەواوی توانای خۆیانەوە کار دەکەن. گوتەبێژی وەزارەت دڵنیایی دا کە لەمڕۆوە گۆڕانکاری و باشتربوونی بەرچاو لە دۆخەکەدا بەدی دەکرێت.