سوپای ئێران: هەر کاتێک هەست بە مەترسی بکەین ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە دەکەین

سوپای ئێران بە فەرمی رایگەیاند، لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، هەر کاتێک هەست بە هەڕەشە و مەترسی بکەن، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی پێشوەختە دەکەن.

هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، عەمید محەمەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەربەخۆیی و سەربەرزی وڵاتەکە بەندە بە بەرگری و خۆڕاگری لە بەرامبەر دوژمنان و پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆیی."

گوتەبێژی سوپای پاسداران روونیکردەوە، دوژمن لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئێران 20 ئامانجی سەرەکی دەستنیشان کردبوو، لەوانە، لەناوبردنی توانای مووشەکی و ئەتۆمی، رووخاندنی رژێم و دابەشکردنی خاکی ئێران، بەڵام دوژمن لە بەدیهێنانی سەرجەم ئەو ئامانجانەدا شکستی هێناوە.

ئەکرەمی نیا باسی لەوەش کرد، لایەنی بەرامبەر تووشی چەندان هەڵە بووە، لەوانە، نەناسینی دروستی گەلی ئێران، تێنەگەیشتن لە تواناکانی سوپای وڵات، هەڵە تێگەیشتن لە پێکهاتەی حوکمڕانی و هەروەها پێشبینینەکردنی توانای ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، گوتیشی،"نەبوونی پشتیوانی ناتۆ و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکان بۆ ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ئێران، خاڵێکی دیکەی شکستی دوژمن بووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، سوپای ئێران بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. لە دوایین هەنگاویشدا پێنجشەممە لە چوارچێوەی قۆناغی 31ـی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ساعیقە، چەند بنکەیەکی سەربازی ئەمریکای لە کوەیت و ئیمارات بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج.

بەگوێرەی بەیاننامەی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران، بەرەبەیانی دوێنێ سیستمەکانی پەیوەندیی مانگە دەستکردەکان، کۆگاکانی کەلوپەلی سەربازی و حەشارگەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئەحمەد جابر لە کوەیت، راستەوخۆ کراونەتە ئامانجی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان.