ترەمپ: پێویستە ئەمریکا خاوەن نزمترین سوودی بانکی بێت لە جیهاندا
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئامارەکانی هەلی کار بە شێوەیەکی بەرچاو لە پێشبینییەکان تێپەڕیون و بە دوو هێندە و سێ هێندەی پێشبینییەکان زیادیان کردووە، ترەمپ روونیکردەوە: "دامەزرێنەران لە مانگی ئابدا 162 هەزار هەلی کاریان زیادکردووە".
هەینی 4ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای دابەزاندنی سوودی بانکی کرد و گوتی: "پێویستە سوودی بانکی داببەزێندرێت، چونکە ئەمریکا ئێستا خاوەن متمانەیەکی دارایی زۆر بەهێزترە بەراورد بە ماوەیەکی کورت لەمەوبەر". گوتیشی: " وڵاتێکی بەهێز واتە سوودی بانکی نزمتر و متمانەیەکی دارایی باشتر، ئەمە بابەتێکی زۆر سادەیە".
سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، دەبێت ئەمریکا نزمترین سوودی بانکی لە ئاستی جیهاندا هەبێت، هاوشێوەی ئەو دۆخەی پێشتر هەبووە، ئەو پێی وایە ئەگەر ئەمریکا رەزامەندی لەسەر زێدەڕۆییەکانی وڵاتانی دیکە لە هاوسەنگی بازرگانیدا نەدات، ئەوان چیتر وەک دەوڵەمەندی دارایی سەیر ناکرێن.
ترەمپ هەڕەشەی کرد و گوتی: "سوودی بانکی داببەزێنن، ئەگەرنا مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە رادەگرم کە کورتهێنانی بازرگانیمان لەگەڵیان هەیە." هاوکات ئاماژەی بە بڕیارێکی دادگای باڵای ئەمریکا کرد سەبارەت بە باجە گومرگییەکان و گوتی: "سەرۆک مافی رەهای هەیە بۆ ئەو کارە و ئەوە لە باجی گومرگی باشترە".
دۆناڵد ترەمپ لە کۆتاییدا داوای لە ئەنجوومەنی یەدەگی فیدراڵی کرد بە سەرکردایەتییە نوێیەکەیەوە بەرپرسیارانە بجووڵێنەوە و گوتی: "بۆ یەک گۆڕانکاریش بێت نیشتمانپەروەر بن، سوودی بانکی بەرز ئەمریکا دەخاتە ژێر گوشارێکی نادادپەروەرانە و من رێگە بە روودانی شتێکی وا نادەم".