بەهۆی ئێرانەوە بانکێکی تورکیا سزا دەدرێت

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری ئێران، سزایان بەسەر سێ دامەزراوە و کۆمپانیای دیکەدا سەپاندووە کە پەیوەندیی ئابوورییان لەگەڵ ئێران هەبووە.

هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی بڵاوەکراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، شادەماری پەیوەندی ئابووری نێوان ئێران و بانکێکیان لەناو تورکیا بڕیوە کە تۆمەتبارە بە گواستنەوەی پارەی بۆ ئێران، روونیشیکردووەتەوە، لە رێگەی مامەڵەی تاکەکەسی و کۆمپانیاوە ئەو بانکە مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ تاران هەبووە. 

سزاکان هەریەک لە بانکی گۆڵدن گڵۆباڵ یاتیرم بانکاسی و ئەنۆنیم شیرکەتی دەگرێتەوە، کە لە ناو خاکی تورکیادا کار دەکەن. 

پێشتر، سکۆت بێسێنت لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی چووەتە ناو ئۆپەراسیۆنی دابڕاندنی ئابووری و ئێمەش دەستخۆشی لەو هەڵوێستە بەهێز و پێشوەختەیان دەکەین."

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، وڵاتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سوورن لەسەر ئەوەی دڵنیابنەوە کە "رژێمی بکوژی ئێران" نەتوانێت سوود لە سیستەمی دارایی جیهانی وەربگرێت بۆ دابینکردنی تێچووی خواستە ئەتۆمییەکانی، بەرنامەکانی چەک و گرووپە تێرۆریستییە بریکارەکانی.

بێسێنت لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختیکردووەتەوە، جیهان پەیامێکی روون ئاراستەی رژێمی ئێران دەکات و دەڵێت: "ئێمە ناوەستین تاوەکو هەموو ئەو رێگە و دەمارە داراییانەی کە ماونەتەوە، بە تەواوی دەبڕدرێن."

ئەو راگەیاندنەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کاتێکدایە،  سێشەممە، یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا داوای لە ئێران کردبوو بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی سنووردار بکات و دەست لە چالاکییە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکە و ئەوروپا هەڵبگرێت. هەروەها داوای کردبوو تاران پشتگیرییە سەربازییەکانی بۆ رووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا و سەرکوتکردنی گەلی خۆی رابگرێت.

یەکێتی ئەوروپا جەختیشیکردبووەوە، سزای فراوانی بەسەر ئێراندا سەپاندووە بۆ رێگریکردن لە قۆستنەوەی ئابووری جیهانی، هاوکات پشتیوانی خۆی بۆ فشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی "دابڕاوی ئابووری" دەربڕی. یەکێتییەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئامادەن رێکاری توندتر بگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دەستەبەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.

سێشەممەی رابردوو، سکۆت بیست، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێی لە رۆژانی داهاتوودا کرد کە بانکەکان دەگرێتەوە، باسی لەوە کرد، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، کەرتی دەریایی و سەرمایە دیجیتاڵییەکان رەنگە ئامانجی سزاکان بن، جەختیشیکردەوە ئەمەش لە چوارچێوەی هەڕەشەی ئەمریکا دێت بۆ فراوانکردنی سزاکان بەسەر هەموو ئەو وڵات یان کۆمپانیایانەی لەگەڵ ئێران هاوکاری دەکەن.