قەتەر: ئێران هێرشیکردوەتە سەر ناوچەی مەدەنی
دەوڵەتی قەتەر لە رێگەی نوێنەرایەتی هەمیشەیی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دوو نامەی ناڕەزایەتی ئاراستەی سکرتێری گشتی و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، سەبارەت بە بەئامانجگرتنی خاکەکەی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە رێگەی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، دەوڵەتی قەتەر، لە دوو نامەی هاوشێوەدا کە مێژووەکەیان بۆ 1ـی ئاداری 2026 دەگەڕێتەوە، بە روونی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانی بۆ سەر ناوچە مەدەنی، بازرگانی و نیشتەجێبوونەکان دۆکیۆمێنتکردووە، ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی برینداربوونی 16 کەس و زیانگەیاندن بە ژێرخانی وڵات، هەروەها لە نامەیەکی دیکەدا لە 20ـی تەمموزدا، باسی لە هێرشی نوێ کردووە کە بووەتە هۆی برینداربوونی سێ کەسی دیکە کە منداڵێکیان لەنێواندایە.
سەبارەت بەو بەڵگەنامەیەی کە لایەنی ئێرانی وەک بەڵگە پشتی پێ دەبەستێت، دەوڵەتی قەتەر روونیکردەوە، ئەو دەقە تەنیا هەڵسەنگاندنێکی مەترسییەکان بووە کە بۆ مەبەستی کارگێڕی و پاراستنی کۆنفرانسی یەکێتی نێودەوڵەتی گەیاندن ئامادەکراوە، نەک تۆمارێکی گشتگیر یان هەڵسەنگاندنێکی یاسایی بۆ رووداوەکان.
قەتەر جەخت دەکاتەوە، تەنانەت ئەو بەڵگەنامەیەش دانی بەوەدا ناوە کە هێرشی راستەوخۆ کراوەتە سەر دامەزراوەکانی گازی "رەس لافان" لە 18ـی ئازاردا و ئاماژەی بە داخستنی کاتیی گەشتی ئاسمانی و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر ژیانی مەدەنی کردووە.
قەتەر رایگەیاندووە، سەرکەوتنی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە تێکشکاندنی مووشەک و درۆنەکانی ئێران، بە هیچ شێوەیەک لە مەترسی ئەو دەستدرێژییانە کەم ناکاتەوە و تاران لە بەرپرسیارێتی یاسایی بێبەری ناکات، هەروەها بە توندی رەخنەی لەوە گرت کە ئێران هێرشەکەی سەر "رەس لافان" بە هێرشێکی رەوا ناو دەبات، لە کاتێکدا ئەو دامەزراوانە بەشێکی گرنگی ئاسایشی وزەی جیهان و سەروەتی نیشتمانی گەلی قەتەرن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، دەوڵەتی قەتەر دووپاتیکردەوە، دەوحە لایەن نییە لەم ململانێیەدا و هیچ پاساوێک بۆ هێرشکردنە سەر خاک و ژێرخانەکەی قبووڵ ناکات، قەتەر جەختی لەوە کردووەتەوە، هێرشەکان و تێکدانی ئاسایشی گەرووی هورمز پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.