ئەمریکا بەهای 5.75 ملیار دۆلار چەک بە سعوودیە دەفرۆشێت
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندیی خۆی بۆ فرۆشتنی چەند بابەتێکی بەرگری بە سعوودیە بە بەهای 5.75 ملیار دۆلار راگەیاندووە، ئەم هەنگاوە وەک فراوانکردنی هاوکارییە سەربازییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان واشنتن و ریاز هەژمار دەکرێت.
هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیوە بۆ فرۆشتنی چەک بە سعوودیە، ئاماژەی بەوەشکردووە، رەزامەندییەکان دوو گرێبەستی سەرەکی دەگرنەوە، لە گرێبەستی یەکەمدا، دابینکردنی تەقەمەنیی هێرشبەری دوورمەودای هاوبەش ( جەی دی ئەی ئاڕ ) بە بەهای 5 ملیار دۆلار دیاریکراوە و کۆمپانیای بۆینگ ئەرکی جێبەجێکردنی وەک گرێبەستکاری سەرەکی لە ئەستۆ دەگرێت.
لە گرێبەستی دووەمدا، دابینکردنی بزوێنەری جۆری AGT-1500 بە بەهای 750 ملیۆن دۆلار پەسەند کراوە، کە کۆمپانیای هانی وێڵ وەک گرێبەستکاری سەرەکی بۆ ئەم بەشە دەستنیشان کراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە، ئەو ئاگادارینامانەی نێردراون تەنیا رێپێدانن بۆ فرۆشتنی ئەگەری بەگوێرەی یاساکانی ئەمریکا، هەروەها روونیکردەوە، ئەو رێپێدانە بەو مانایە نییە کە رێککەوتنەکان تا ئەم ساتە یەکلایی کراونەتەوە یان بە شێوەی کۆتایی لە نێوان هەردوو لادا واژۆ کراون.