مایک هاکابی: ئیسرائیل بەرپرسیارە لە پاراستنی فەلەستینییەکانی کەناری رۆژئاوا

باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل رایگەیاند، حکوومەتی ئیسرائیل بەرپرسیارێتی تەواوی لەئەستۆیە بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەلامەتی فەلەستینییەکان لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو، ئەمەش دوای زیادبوونی بەرچاوی هێرشی کۆچبەرە جولەکەکان بۆ سەر هاووڵاتییان.

شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە فەلەستینییە خاوەن رەگەزنامە ئەمریکییەکان لە کەناری رۆژئاوا گوتی:"یەکێک لەو پەیامە سەرەکییانەی کە ئاراستەی دەکەین و بەردەوامیش دەبین لەسەری، ئەوەیە کە دانیشتوانی ئەم ناوچانە مافی ئەوەیان هەیە بە ئارامی بژین و ئەرکی حکوومەتیشە چاودێری جێبەجێکردنی ئەم مافە بکات."

هاوکات، راپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هەینی بڵاوکرایەوە، ئاشکرایکردووە هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی 2025ـدا، سەرجەم دانیشتوانی سێ کەمپی پەنابەرانیان لە کەناری رۆژئاوا بە زۆرەملێ کۆچپێکردووە و تا ئێستاش رێگری لە گەڕانەوەیان دەکەن، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

لە راپۆرتەکەدا کە لەژێر ناونیشانی وێرانکردنی کەمپەکانی پەنابەران لە باکووری کەناری رۆژئاوا بڵاوکراوەتەوە، روونیکردووەتەوە سوپا و پۆلیسی ئیسرائیل لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی دیواری ئاسنیندا، چەندان هاووڵاتی مەدەنییان کوشتووە، سەدان ماڵیان رووخاندووە و زیانی گەورەیان بە ژێرخان و رێگاوبانەکان گەیاندووە، هەروەها ئاو و کارەبایان بڕیوە و رێگرییان لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان کردووە بۆ کەمپەکانی جەنین، نور شەمس و تولکەرم.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەندێک لە فەلەستینییە ئاوارەبووەکان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان باسیان لەوە کردووە کە ئەفسەرانی ئیسرائیلی پێیان راگەیاندووە، ئیتر هیچ کەمپێکی پەنابەران نامێنێت و دەبێت هەمووان بچن بۆ ئوردن.

لەمبارەیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، کۆچپێکردنی سیستماتیکی و فراوانی زیاتر لە 33 هەزار فەلەستینی لە کەمپەکان، مەترسی جددی ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی و گواستنەوەی زۆرەملێ دەهێنێتە ئاراوە، هەروەها بەکارهێنانی هێرشی ئاسمانی و وێرانکردنی کەمپەکان بۆ ئەوەی شیاوی ژیان نەبن، وەک سزای بەکۆمەڵ و پاکتاوی رەگەزی لێکدەدرێتەوە کە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغەکراوە.